تیۆ هێرناندێز و هەڵبژاردەی فەرەنسا..تاوەکو کەی پشتگوێ دەخرێت؟

ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، دیدێ دیشامپ بەردەوامە لە پشتگوێخستنی باشترین یاریزانە فەرەنسییەکان لە خولەکانی ئەوروپا و تیۆ هێرناندێز یەکێکە لەو یاریزانانە.

تیۆ هێرناندێز، بەرگریکاری باڵی چەپی یانەی ئەی سی میلان هاوشانی کەریم بنزیمەی هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە لیستی ئەو یاریزانانەدان کە لەلایەن ڕاهێنەری کەڵەشێرەکانی فەرەنساوە پشتگوێخراون، لە کاتێکدا دووانەی ناوبراو ئاستیان لە ئاستی ئەو یاریزانانە بەرزتربووە کە بانگهێشتی پێکهاتەکان دەکرێن.

تیۆ لە کۆتا دوو وەرزی ڕابردوودا 79 یاری بەدرێسی ڕۆسۆنێرییەوە ئەنجامداوە، توانیویەتی 15 گۆڵ تۆماربکات و 13 گۆڵ بڕەخسێنێت، وەک یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی باڵی چەپ لە ئەوروپا تواناکانی سەلماندووە.

ئەوەی سەیرە، دیشامپ بانگهێشتی یاریزانانی وەک فێرلاند مێندی و لوکاس دینی کردووە، کە لە ڕووی ئاست و ناوبانگ و وزەی یاریکردنەوە بە هێرناندێز ناگەنەوە.

لە کۆتایی ڕوبەڕووبوونەوەی نێوان میلان و تۆرینۆ، بەرگریکارەکە ڕایگەیاند، ” ئامانجم بەردەوامبوون و هەوڵدانە بەهەمان ئاستەوە لەگەڵ میلان، چاوەڕوانی ئەوەشدەکەم ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بانگهێشتم بکات”.

تیۆ بۆ پێکهاتەکانی لاوانی فەرەنسا یاریکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بانگهێشتی پێکهاتەی یەکەم نەکراوە، چاوەڕواندەکرێت بۆ یورۆی 2020 دیشامپ دەرفەتی پێبدات.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە دەستپێکردنەوەی خوێندنی ناو پۆلی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

لە نێوان زێدان و مارسێلۆ چی ڕوودەدات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share