لێشاوی كۆچبەران زیادیكردووە و ئەڵمانیا پێشبینیی كێشەی نوێ دەكات

ڕزگاركردنی ژمارەیەك كۆچبەر لەلایەن ڕێكخراوی (زیووچ)ی مرۆیی لە دەریای ناوەڕاست

لەگەڵ باشبوونی كەشوهەوا، لێشاوی كۆچبەران ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا دەگرنەبەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆشداری لە شەپۆلێكی نوێ دەدات و باس لە كێشەكانی پرسی كۆچ دەكات.

هۆرست زیهۆڤەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە سیاسەتی كۆچ و وەرگرتنی پەنابەرانی وڵاتەكەی بە ئەرێنی ناوبرد، بەڵام پێشبینیكرد ڕوبەڕووی كێشەی نوێ ببنەوە.

ئەوەشی وت، وادەردەكەوێت جارێكی دیكە ژمارەی كۆچبەران بەرزببێتەوە، بەتایبەت لەڕێگای وڵاتانی باڵكان-ەوە.

تەنها شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممەی ئەم هەفتەیە، زیاتر لە 600 كۆچبەر بە چوار بەلەمی بچووك گەیشتنە دوورگەی لامبیدۆزا، كە دەكەوێتە نێوان باكووری ئەفریقا و شاری ڤینیسیای ئیتاڵیا.

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووك و چووپ، لەڕێی دەریای ناوەڕاستەوە هەوڵی گەیشتن بە ئیتاڵیا دەدەن، بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

دوێنێ ئاژانسی هەواڵی ئەنسا-ی ئیتاڵی بڵاویكردەوە، لە ماوەی تەنها 24 كاتژمێردا 2 هەزار و 128 كەس گەیشتوونەتە دوورگەكانی ئیتاڵیا.

هاوكات هەینیی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا بڵاویكردەوە، زیاتر لە 10 هەزار و 700 كۆچبەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.

لەو چوارچێوەیەدا وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەكرد، بەرزبوونەوەی ژمارەی كۆچبەران ناچار بە هەنگاونانیان دەكات، “تا نەگەینە ئەو ڕێژانەی مایەی نیگەرانین”.

ئەوەشی وت، لەڕابردوودا قبوڵكردنێكی فراوان هەبوو لای هاوڵاتییان دەربارەی گەیشتنی كۆچبەران، ئەوكاتەی ژمارەی ساڵانەیان زیاتر نەبوو لە 200 هەزار كەس، “بەڵام كاتێك ژمارەكە زۆرتر بوو، كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی سەریهەڵدا”.

ساڵی ڕابردوو 102 هەزار و 581 كۆچبەر داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا كردووە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2019 ژمارەكە 142 هەزار و 509 كەسبووە، كە لە دەستەی فیدڕاڵیی كۆچ و كاروباری پەنابەران تۆماركراوە.

س: DW

بابەتی پێشتر

بەریتانیا: نابێت كۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتكاران وەكو تاوان دابنرێت

بابەتی دواتر

یۆنامی: ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی چالاكوانانی بادینان كراون جێگای نیگەرانیی ئێمەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share