ئەو دادگایەی هەرێم بەنیازی دروستكردنیەتی دەسەڵاتی دادگاییكردنی داعشە بیانییەكانیشی هەیە

دوای جەژن پڕۆژەیاسای دادگای تایبەت بە چەكدارانی داعش پەسەنددەكرێت

هەرێمی كوردستان كار بۆ دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە دادگاییكردنی چەكدارانی داعش دەكات، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، كار بۆئەوە دەكەن لەدوای جەژن خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای دادگای تایبەت بە دادگاییكردنی چەكدارانی داعش بكەن تا پەرلەمان لەماوەیەكی كەمدا پەسەندی بكات.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوێنێ خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ پرۆژەیاسای دروستكردنی دادگایەك تایبەت بە دادگاییكردنی چەكدارانی داعش كردووە.

وتیشی، كار لەسەر ئەوەدەكەن لە دوای جەژنەوە خوێدنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساكە بكەن، تا دواتر پەسەندبكرێت و چیتر دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی داعش دوانەكەوێت.

دەربارەی ئەوەی ئایا دادگاكە، جگە لە چەكدارە كوردەكانی داعش، دەسەڵاتی دادگاییكردنی چەكدارە بیانییەكانی داعشی دەبێت؟ ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ڕونیكردەوە، “بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، هەموو ئەو چەكدارە بیانییانەی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستگیركراون، دەتوانرێت دادگای بكرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا نەبووەتە یاسا، بواری گۆڕانكاریكردنی تێدا ماوە”.

لە هەرێمی كوردستان، عێراق و ڕۆژئاوای كوردستان ژمارەیەكی زۆر ئەندام و چەكداری دەستگیركراوی داعش هەن، كە بەشێكیان خەڵكی عێراق و سوریان، بەڵام ژمارەیەكیشیان چەكدارانی وڵاتانی دیكە و بیانین، هەندێك لە وڵاتان تا ئێستا ئامادە نین ئەو چەكدارانە وەربگرنەوە، بەتایبەتیش ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان گرفتی گەورەی بۆ دروستبووە، ژمارەیەكی زۆر ئەندام و چەكداری داعش لە زیندانەكانیدا هەن و چەند ساڵێكە داوا لە وڵاتان دەكات، ئەو چەكدارانە وەرگرنەوە.

بابەتی پێشتر

جیف بیزۆس بایی 2.5 ملیار دۆلار پشكی ئەمازۆن دەفرۆشێت

بابەتی دواتر

نرخی دۆلار و تمەن زیاتر بەرزبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share