هاوسەرۆكانی یەكێتی پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوان بەگرنگ ناودەبەن

كۆبوونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی و شاندی ئەمریكا

هاوسەرۆكانی یەكێتی كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ شاندێكی ئەمریكا بە بەشداریی دیرێك شولیت و برێت مەكگۆرك ئەنجامدا و تیایدا تاوتوێی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان كرا و جەختیان لەسەر پێویستی پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوان بۆ یەكڕیزی كورد كردەوە

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر، پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە دیرێک شولیت ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و دانا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا گفتوگۆیەکی جدی و هەمەلایەنە کرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ڕێوشوێنەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە، هاوسەرۆکان جەختیان لە بەردەوامی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا، “پێزانینی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ئەمریکا هەیبووە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە جەنگی دژەتیرۆردا، پێویستی بەردەوامبوون و ئەنجامدانی کاری ھاوبەشیان دووپاتکردەوە بە تایبەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی شانە نوستووەکانیان لە وڵاتدا”.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتیی ڕوانینی خۆیان لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە و قەیرانەکان و ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکانیان بۆ وەفدی ئەمریکا خستەڕوو.

هاوسەرۆكان، جەختیشیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتی کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی ناکۆکی و گرژییە سیاسییەکان و بە فاکتەرێکی گرنگیان دانا بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی و بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، لەو ڕووەشەوە پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوانیان بەگرنگزانی بۆ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی لەبارەی ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەیە.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوسەرۆکان دووپاتیان کردەوە کە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پەنابردن بۆ دەستوور تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە لە نێوان ‌‌حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانیان لە مەترسیدایە.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، ھاوسەرۆکان تەئکیدیان کردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دوور لە دەستێوەردان.

ئەوەشی خستەڕوو، وەفدی ئەمریکاش جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیی ئەرکەکەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی وڵاتەکەشیان بۆ پشتیوانیکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابوری و بەردەوامی کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا لە تەواوی بوارەکاندا.

بابەتی پێشتر

حكومەتی هەرێم داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات نەبنە سەكۆی زیادبوونی توندوتیژی

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی دواخست

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئاشكرایدەكات درێژكردنەوەی ئەم خولەی كارەكان و گفتوگۆكردن لەبارەی…
زیاتر ببینە

عەلی حەمەساڵح دەبێتە حاجی

عەلی حەمەساڵح دەچێتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.‏ عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی…
Total
0
Share