ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی كشتوكاڵ دەكات، سەبارەت بە قەرەبوكردنەوە و هاوكاریكردنی جوتیاران و خاوەن ئاژەڵەكان، بەهۆی ئەو زیانانەی وشكەساڵی پێیگەیاندوون.
حسێن حەمەکەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم، بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند،” بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی ڕاپۆرتێكیان بكات، لەبارەی قەرەبوکردنەوەی جوتیاران و کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵی، كە زیانی پێگەیاندوون”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانجیان لە ئامادەكردنی راپۆرتەكە، پشتگیریكردنە لە جوتیاران و ئاژەڵداران، کە بەهۆی وشكەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە، تا ھاوکاری بكرێن لە دابینکردن و دابەشکردنی بنەتۆو و ئالیک، بۆ ئەوەی ببێتە ھاندەرێك بۆ بەردەوامبوونیان.
ئەمساڵ بەهۆی بوونی وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان، جوتیاران و ئاژەڵداران زیانیان پێگەیشتووە، بۆئەو مەبەستەش چەند جارێك داوایان لە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە، قەرەبویان بكاتەوە.