لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 64 هەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە

لە هەرێمی کوردستان ماوەی چەند مانگێکە هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیپێکردووە، زیاتر لە 70 هەزار ژەمە ڤاکسین بەهەموو جۆرەکانیەوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هاتن و وەرگرتنی ڤاكسین، دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تاوەکو ئێستا سێ جۆر ڤاکسین هاتووەتە هەرێم، فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم، کۆی ژمارەی ئەو ژەمە ڤاکسینانەی هاتووەتە هەرێمی کوردستان، زیاترە لە 70 هەزار ژەم”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکراشیکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی لەهەموو هەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، زیاترە لە 64 هەزار کەس، لەو ژمارەیە زیاتر لە 22 هەزار کەس لە هەولێر ڤاکسینیان وەرگرتووە.

سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، “پارێزگای سلێمانی کۆی گشتی 35 هەزار ژەمە ڤاکسینی پێگەیشتووە، تاوەکو ئێستاش 21 هەزار بۆ 22 هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، ژەمە ڤاکسینی سلێمانی پشکی هەڵەبجەشی تێدایە، چونکە بەغداد پارێزگای هەڵەبجەی لەناو سلێمانیدا هەژمارکردووە”.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم وتیشی، زۆرینەی ئەو دەستەیەی کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستین.

بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە، لە پارێزگای دهۆک زۆرترین کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، دکتۆر حەمزە ڕەزیکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تائێستا 26 هەزار ژەمە ڤاکسینی بەدەستگەیشتووە، ڕێژەی %99ی ئەو ژمارەیە دابەشکراوە، دەکاتە زیاتر لە 24 هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە 50%ی ئەو ژمارەیە کارمەندانی تەندروستین”.

سەبارەت بەو چین و توێژانەی لەپێشینەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، دکتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لەپێشینە بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستییە، دواتر هێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و بەتەمەنن، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی مەیدانییش بەهەمانشێوە.

لەلایەکی ترەوە دکتۆر هێرش سەید سەلیم جەختیکردەوە، بەدەمەوەچوونی خەڵک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین زۆر زیادیكردووە، بەراورد بە سەرەتای گەیشتنی ڤاکسینەکە بۆ هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

فیدراسیۆنی ئینگلتەرا لێکۆڵینەوە لە خۆپیشاندەرانی مانچستەر یونایتد دەکات

بابەتی دواتر

لەسەر یاسای چاکسازی چوار وەزیری حکومەتی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share