فیدراسیۆنی ئینگلتەرا لێکۆڵینەوە لە خۆپیشاندەرانی مانچستەر یونایتد دەکات

بەبڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی و ڕایەڵەی یانەکانی ئینگلتەرا، لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ لەبارەی ئەو خۆپیشاندانە گێرەشێوێنییەوە دەستپێدەکات کە هاندەرانی مانچستەر یونایتد لەبەردەم بارەگای یانەکەیان کردوویانە.

ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرا و ڕایەڵەی یانەکان داوای ڕوونکردنەوەیان لە شەش یانە گەورەکەی پریمەرلیگ کردووە، سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە پڕۆژەی خولی سوپەری ئەوروپی و جەمسەرەکان لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکایەتی یانەکانی سیتی و یونایتد و چێڵسی و ئارسیناڵ و تۆتنهام و لیڤەرپوڵ دەکەن، تاوەکو لە داهاتوودا دەرەنجامێک بدەن بەدەستەوە.

ئەوەی بەرپرسانی تۆپی پێی ئینگلتەرا پێی سەرسامبوون، خۆپیشاندانی هاندەرانی یانەی مانچستەر یونایتدە بەشێوەیەکی گێرەشێوێنی، کە لە ماوەیەکی کورتدا هێرشیانکردووەتە سەر کارمەندانی یانە و هێڵەکانی سیکیوریتییان تێپەڕاندووە و چوونەتە نێو یاریگای ئۆڵدترافۆرد.

تەنانەت سەرچاوەکە ئاماژەی بە شکاندنی چەندین کامێرا و کەلوپەلی ناو یاریگا کردووە، بەبێ ئەوەی کەرەستە و کارمەندان هیچ پەیوەندییەکیان بە پڕۆسەی سوپەرلیگەوە هەبێت.

پۆلیسی شاری مانچستەر بە هاوکاری فیدراسیۆن و ڕایەڵەی یانەکانی ئینگلتەرا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، ناوی ئەو هاندەرانەیان دیاریکردووە کە لە پڕۆسەکەدا بەشداربوون، تەنانەت گومان لە هەندێک ناودارانی وەک گاری نیڤڵ و هاوەڵانی دەکرێت لەپشت توندوتیژیی و توڕەکردنی هاندەرانەوە بوبێتن.

بەپێی سەرچاوەکە، لێکۆڵینەوە لە ستافی سیکیوریتی یاریگای ئۆڵترافۆرد دەستیپێکردووە، بەوپێیەی بە ئاسانی دەستبەرداری پێگەکانیان بوون و لە ژوورێکدا خۆیان حەشارداوە، گومان دەکرێت بە ئەنقەست کەمتەرخەمییان نواندبێت، لەکاتێکدا هەردوو پێکهاتەی یونایتد و  لیڤەرپوڵ خۆیان بۆ یاریکردن لەو یاریگایە ئامادەکردووە، ئەگەر هەبووە ستافی یاریزانان و ئیدارەی یانەکان بکەونە بەر لێشاوی توندوتیژی هاندەرە سەرکێشەکان.

بابەتی پێشتر

نێچیرڤان بارزانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ سلێمانی ئاشکرا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share