وەزارەتی پێشمەرگە و کازمی لەبارەی هێرشەکانی داعشەوە کۆبوونەوە

دوێنێ 2ی ئایار، لە کۆبوونەوەیەکدا، کە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەیانەوێت هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە زیاتر بکەن.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووە، ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو هەڕەشە جدییانەی داعش، کە لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان کردبو و بووە هۆی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەكی  لیوای 10ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی فیدراڵ، بۆیە بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی لیژنەکانی هەردوولا لە سەنتەرە هاوبەشەکانی نێوانمان و پرکردنەوەی بۆشاییەکان و ئاڵووێرکردنی زانیارییە هەواڵگریەکان، تا ڕێگربین لە دووبارەبوونەوەی کاری لەوجۆرە”.

هاوکات ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاندووە، “لە کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و ناوخۆ و وەزارەتی بەرگرییدا، چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی هەماهەنگیی زیاتر و ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسییەکان دراوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە مستەفا کازمی سەرپەرشتیکرد، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی عێراق ئامادەیبوون.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عێراق سکاڵا دژی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشی سەربازی تۆماردەکات

عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سکاڵا لە دژی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی، تۆماردەکات. بەپێی…
Total
0
Share