زەریف داوای لێبوردن لە لایەنگرانی قاسم سولەیمانی دەكات

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لێبوردنی لە گەلانی وڵاتەكەی و لایەنگرانی قاسم سولەیمانی كرد، لەدوای دزەپێكردنی ئەو تۆمارە دەنگییەی بەمدواییە كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەكدا لەڕێی (ئینستاگرام)ەوە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە دەڵێت، ئەوەی بەدرێژایی ئەم هەفتەیە بڵاوكرایەوە و دزەیپێكرا، مەبەستدار نەبوو، هیچ نیازێك نەبوو بۆ بڵاوكردنەوەی قسەكانی لەسەر ئاستێكی فراوان، تەنانەت لەسەر ئاستی سنوورداریش.

ئەوەشی وت، خێزانی سولەیمانی، بەتایبەت زەینەب-ی كچی، هاوشێوەی منداڵەكانی خۆی خۆشەویستە لای، ئەوان بە گیانلەدەستدانی برینداربوون، “هەندێك ویستیان ئەم دۆخە بەكاربهێنن وەك هۆكارێك بۆ جوڵاندنی سۆزی خەڵكی ئازا لە ناوچەكەدا، یان وەك سەرچاوەیەك بۆ جێبەجێكردنی ئامانجی سیاسیی كورتمەودا”.

زەریف داوای لێبوردنیشی لە ئێرانییەكان كرد و ئاماژەی بەوەدا، زۆر كەس ئاستی خۆشەویستی و پەیوەندییە درێژەكەی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەزانن.

دووپاتیشیكردەوە، “بەهیچ شێوەیەك لە گەورەیی سولەیمانی و ڕۆڵی ئەو لە گەڕاندنەوەی ئاسایشی ئێران و ناوچەكە و جیهان كەمنەكردووەتەوە”، ئەوەش دەڵێت، ئەگەر بیزانیایە ڕستەیەك لەوەی وتویەتی بڵاودەبێتەوە، هەرگیز لە دەمیەوە نەدەهاتە دەرەوە.

تۆمارە دەنگییەكەی زەریف لە چاوپێكەوتنێكدا بوو، كە بڕیاربووە پاش كۆتاییهاتنی ماوەی حكومەتی ئێستا بڵاوبكرێتەوە، وەك ئەوەی سایتی (ئێران ئینتەرناشیۆناڵ) بڵاویكردەوە و تیایدا ئاماژە بە دەستێوەردانەكانی سولەیمانی دەكات و دەڵێت، “قوربانی بە دیپلۆماسییەت داوە لەپێناو كردەوە و پڕۆسە مەیدانییەكانی پاسداران”.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، چاوپێكەوتنەكە حەوت كاتژمێر بووە، سێ كاتژمێر و نیوی دزەی پێكراوە.

زەریف لە بەشێكی ئەو چاوپێكەوتنەدا دەربارەی سولەیمانی دەڵێت، “هەر کاتێک دەچووم بۆ گفتوگۆکردن، ئەو دەهات و پێی دەگوتم چ شتێک باس بکەم، دەبوو قوربانی بە دیپلۆماسییەت بدەم لەپێناو کاری مەیدانیی ئەو لە ناوچەکە، بەتایبەت لە سوریا”.

دەشڵێت، هیچ کات نەیتوانیوە داوا لە سولەیمانی بکات بۆ ئەوەی کارێک لەپێناو دیپلۆماسییەتی ئەودا بکات “هیچ کات ڕووینەداوە من بڵێم ئەو ئۆپەراسیۆنە مەکەن تاوەکو بتوانم ئەو کارە جێبەجێ بکەم، بەڵام هەر جارێک، کە چووم بۆ دانوستان لە ئاستی ناوچەکەدا، شەهید سولەیمانی دەیگوت دەمەوێت ئەو شتە یان ئەو خاڵە بەدەست بهێنیت”.

وەزیری دەرەوەی ئێران دان بەوەشدا دەنێت، سولەیمانی لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو و دەیویست قسە لە هەموو شتێکیش بکات.

س: ئاژانسی فارس + RT + ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

بەهۆی زۆریی توشبووانی كۆرۆناوە بەشی فەرمانگەیەك لە سلێمانی دادەخرێت

بابەتی دواتر

وەزیری پەروەردە: بەپێی پلان دوای جەژن دەرگای قوتابخانەکان دەکەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share