پارتی لە 11 پارێزگا بە 55 كاندید بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق دەكات

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، لە 11 پارێزگا بە 55 كاندید بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن، دەشڵێت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ هاوپەیمانێتییەكی ڕاگەیەندراویان لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نییە.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕاسپێردراوەكانیان لە 11 پارێزگا لیستی ناوی كاندیدەكانیانی حزبەكەیان ڕادەستی ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەن.

وتیشی، “لە 30 بازنەی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایانە بە 55 كاندید بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین”.

خەسرەو گۆران ئەوەشی خستەڕوو، كاندیدەكانیان بەپێی پێوەرەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەستنیشانكراون.

پێشبینیی خۆیشی نیشاندا بەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە گەرموگوڕتر و ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران زیاتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی خواستی زیاتر هەیە، جگەلەوەی شێوازی هەڵبژاردن جیاوازە و كاندید لەپێش لیستەوەیە.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ڕونیشیكردەوە، لەم هەڵبژاردنەدا هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوە وەكو هاوپەیمانیی ڕاگەیەندراو و فەرمی لە كۆمسیۆن، بەڵام هەماهەنگی یان لێكتێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسیەكان هەیە، “وەكو پارتی هیچ هاوپەیمانییەكمان نەكردووە لەگەڵ هیچ لایەنێك و لە سەرتاسەری ئەو پارێزگایانە بە تەنها دادەبەزین”.

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا-شدا دەربارەی ئەوەی بۆچی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لایەنە كوردەكان هاوپەیمانێتییان پێكنەهێناوە و كێ بەرپرسە؟ خەسرەو گۆران وتی، “ئێمە یەكدەنگ بین و یەكدەنگ نەبین هەڵبژاردن لەسەر ئەساسی تاكە، ناتوانین لیستێكی هاوپەیمانی دروستبكەین و هەموو كاندیدەكان بخەینە ئەو لیستەوە، دواتر دەنگ بە یەكێك لە كاندیدەكان بدرێت لەناو لیستەكە، بەهۆی ئەوەی شێوازی هەڵبژاردنەكە گۆڕاوە”.

ئەوەشی وت، “ئەوەی گرنگە ئەوەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوڕابین، یەكدەنگ و یەكدەستبین، دەتوانین لەناو ئەنجومەنەكە هاوپەیمانییەكی پتەو دروستبكەین، كە داكۆكی لە مافی خەڵكی كەركوك و تەواوی كوردستان بكات”.

بەرپرسەكەی پارتی ئاماژەی بە كۆنگرەی حزبەكەشی كرد و وتی، “بڕیاربوو لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی كۆرۆنا و هەڵبژاردنەكانەوە دواخراوە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی خۆراکی لە هەرێمی کوردستانەوە قەدەغەکرد

بابەتی دواتر

یەک یان دوو؟ پێرێز و ڕامۆس ناگەن بە ڕێککەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمشەو شەوی بەراتە

وتەبێژی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، ئەمشەو شەوی بەراتە و ئێوارەی 21 ی ئەم مانگەش بڕیار لە بارەی دەستپێکی مانگی…
Total
0
Share