حكومەتی هەرێم بودجەیەك تایبەت بە وشكەساڵی تەرخاندەكات

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وشکەساڵی كرد، ئاشكرایكرد، بودجەیەك تایبەت بە وشكەساڵی تەرخاندەكرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەیەكی بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پارێزگارانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە)، سەرپەرشتیارانی ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان ئەنجامدا، كە تایبەت بوو بە شێوازەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا بەوردی باس لە کاریگەرییەکانی كە‌مبارانی و وشكە‌ساڵی لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کرا، پلانی حكومە‌ت و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان بۆ ڕوبە‌ڕوبوونە‌وە‌ی ئە‌و دیاردە‌یە خرایەڕوو‌.

ئاشكراشكرا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانە ئابورییەکانی وشکەساڵی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بودجەیەکی تایبەت تەرخانکرا و بڕیاردرا ئەولەویەت بدرێت بە زامنکردنی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان، هەروەها گرنگی بدرێت بە پڕِۆژەکانی کەرتەكانی کشتوکاڵ و پیشەسازی.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەدوای تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی شێوازەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم دیاردەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، پێویستیی دانانی پلانی گونجاو و تەرخانکردنی بودجەی پێویست دووپاتکرایەوە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچوک، لەپێناو گلدانەوەی ئاوی باراناو و دواتر سودلێوەرگرتنەوەی لە بواری کشتوکاڵیدا.

وشکەساڵی هەرێم تینوو دەکات.. حکومەت پلانی چییە؟

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەم پرسە باسبکرێت، بۆ ئەوەی هاوکاربن لە چارەسەرکردنی هەر گرفتێکدا، کە ڕوبەڕووی هەرێم ببێتەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە.

دوپاتیشكرایەوە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی کەناڵە دیپلۆماتییەکانیەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شێوازەکانی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان، بەجۆرێک، کە بە‌رژە‌وە‌ندیی هەرێمی کوردستان لە‌بە‌رچاوبگیرێت و ئەو بارگرانییە کەمبکاتەوە، کە بەهۆی وشکەساڵییەوە ڕوبەرووی ناوچەکە دەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئامادەکاری بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێکی 500 کیلۆی لە قەزای پێنجوێن

بابەتی دواتر

دانە غاز پڕۆژەی زیادكردنی بەرهەمی گازی كۆرمۆر بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حکومەتی هەرێم: ملیارێک و 512 ملیۆن دینار بۆ کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە تەرخانکراوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەکرێتەوە. لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەکەدا ئاماژە…
Total
0
Share