بڕیارە سبەی دووشەممە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بگاتە بەغدادی پایتەختی عێراق و دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم پرسی هەماهەنگی ئەمنی و ئابوریی و بازرگانی تاوتووێ بکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سایتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە تاران، لە زاری نازم دەباغەوە بڵاوکراوەتەوە، “محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرەڕای ئەو پرسانە، چەند پرسێکی دیکەی ئاشکرا نەکراو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ دەکات”.
بە وتەی نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تارانی پایتەختی ئێران، “سەردانەکەی زەریف بۆ هەرێمی کوردستان دەیسەلمێنێت کە پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێم لە ئاستێکی باشدایە”.
محەمەد جەواد زەریف، لە دوای سەردانێک بۆ وڵاتی قەتەر، سبەی دووشەممە دەگاتە بەغدادی پایتەختی عێراق و پاشان بڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای دووجار هێرشکردنە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دێت، لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانەوە کە نزیکن لە ئێرانەوە و هەندێکجاریش بە فەرمانی ئێران جوڵە و چالاکیان دەبێت.