‘زە ڕۆک’ خولێکی تۆپی پێی ئەمریکی کڕییەوە

ئەکتەر و زۆرانبازی ناوداری ئەمریکا، دواین جۆنسن بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەری پێشووی خولێکی پڕۆفیشناڵی تۆپی پێی ئەمریکی کڕییەوە.

دواین جۆنسن ناسراو بە “زە ڕۆک” سەرەتاکانی دەرکەوتنی لەبواری زۆرانبازی سەربەستی ئەمریکیدا بوو (WWE)، پاشان ڕووەو هۆلیود هەنگاوینا و لەئێستادا یەکێکە لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی ئەمریکا و جیهان.
“زە ڕۆک” بە هاوبەشی لەگەڵ دانی گارسیای هاوسەری پێشووی، لە بوارە بازرگانییەکاندا قاڵبووەتەوە و چەند ساڵێکە وەبەرهێنان لە بواری بازرگانی وەرزشییدا دەکات.
تۆڕی (ESPN)ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، دواین جۆنسن و دانی گارسیای هاوسەری پێشووی، توانیویانە بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە دانوستاندنەکانیان بهێنن بۆ کڕینی تەواوی پشکەکانی خولی پڕۆفیشناڵی تۆپی پێی ئەمریکی (XFL).
ئەم خولە لە خولی تۆپی پێی ئەمریکا جیاوازە و تەنها هەشت یانەی پڕۆفیشناڵ بەشداری تێدادەکەن، لە ساڵی 2001 تەنها یەک خولی ئەنجامدراوە و بڕیارە لە 2020 خولێکی دیکەی ئەنجامبدرێت.
جیاوازی خولەکە لەگەڵ خولی یانە پیشەگەرەکان ئەوەیە، کە یاساکان ڕێگە بە یاریزانان دەدەن سەربەستی زیاتر وەربگرن و بەریەککەوتن لەنێوانیاندا بەهێزتربێت.
لەم بارەیەوە “زە ڕۆک” لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، ” لەگەڵ کۆمپانیای هاوبەشی تڕەیل بلەیزەر و ڕێد بێرد کاپیتاڵ تەواوی پشکەکانی NFLمان کڕی، بەهەردوو دەستەکانم خۆمم بونیادنا و هەمان بنەما لە NFL2020 جێبەجێدەکەم، پەرۆشم بۆ ئەنجامدانی کارێکی باشتر بۆ هاندەران”.
کۆمپانیای ڕێد بێرد کاپیتاڵ بەرانبەر (15) ملیۆن دۆلار ئاماژەی بە کڕینی تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای ئەلفا ئینتەرتەینتمێنت کردووە، کە لە پێشوودا خاوەنداریەتی (XFL)ی کردووە و لەگەڵ تۆڕی (ئێن بی سی) هاوبەشە.
“زە ڕۆک” و گارسیا تا ساڵی ٢٠٠٧ هاوسەرگیرییان بەردەوامبوو، بەڵام لەو ساڵەدا جیابوونەوەیان ڕاگەیاند و خاوەنی کچێکن و بەهاوبەشی سەرپەرشتی دەکەن، هەروەها لە بواری بەرهەمهێنانی سینەماییدا هاوبەشن و خاوەنی کۆمپانیای سێڤن باکس پڕۆدەکشنن.
بابەتی پێشتر

کورتە فیلمێکی کوردی خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی ئەنکەرەی وەرگرت

بابەتی دواتر

شۆفێری تەكسییەك 2.5 كیلۆگرام ئاڵتون دەدۆزێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share