هەرێمی كوردستان.. لە ماوەی 3 ڕۆژدا 7 کەس کوژراون و خۆیان کوشتووە

لە چەند رۆژی رابردوودا، زیاتر لە هەر ڕوداوێکی دیکە، ڕوداوی کوشتن و خۆكوشتن زیاتر لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیادا دەبینرێت و دەبیسترێت، بە جۆرێک لەماوەی تەنها 3 ڕۆژدا 7 کەس لە هەرێمی کوردستان خۆیان کوشتووە، یان کوژراون، زۆرینەی قوربانییەکانیش مێینەن، بەشێوەیەك، ئەوەی جێی سەرنجی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی ژنانە، ئەوەیە کە لەو 7 ڕوداوە، قوربانیی چوار ڕوداویان مێینەن.

ڕوداوەکان چۆن بوون؟

سێ ڕۆژ پێش ئێستا، لە ڕوداوێکی کوشتندا، هاوسەری پێشووی ژنێکی 21 ساڵ لە هەولێر چووەتە ماڵی خەزوری، دوای ئەوەی داوای بینینی هاوسەرەکەی پێشووی کردووە، دەمەقاڵێ لە نێوانیان دروستبووە و پاشان بە 13 فیشەک هاوسەرەکەی پێشووی کوشتووە.

زەهرای تەمەن 21 ساڵ خاوەنی سێ منداڵ بووە، وەک کەسوکارەکەی ئاشکرایان کردبوو، لە تەمەنێکی کەمدا و لە 13  ساڵیدا هاوسەرگیریی کردووە.

ژنێک هاوسەرەکەی خۆی کوشت

ئەم ڕوداوە پێچەوانەی ڕوداوەکەی هەولێر لە قەزای سەیدسادق ڕویدا، دوێنێ لە کاتی دەمەقاڵێدا ژنێک چەقۆیەکی لە سنگی هاوسەرەکەی داوە، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی ئەوەی چەقۆکە بەر دڵی پیاوەکە کەوتبوو، گیانی لە دەستدا.

پۆلیسی سەیدسادق ئاشکرایکرد، ژن و پیاوەكە پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە و خاوەنی 5 منداڵیشن.

پۆلیسێک لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژرا

ئەم ڕوداوە دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە ناحیەی چوارقوڕنە ڕویدا، کاتێک چەند کەسێک، هاوڵاتییەک بانگدەکەنە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی، پاشان دەستڕێژی گولـلەیان لێکرد و کوشتیان، قوربانییەكەش پیشەی پۆلیس بووە.

پۆلیسی ڕاپەڕین لەسەر ڕوداوەکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە شوێنی ڕوداوەکە قەوانی چەکی جۆری کلاشینکۆف و دەمانچە دۆزراوەتەوە، شەش کەسیش بە تۆمەتی کوشتنەکە دەستگیرکراون، ئەوە نیشانی دەدات، کە زیاتر لە یەک کەس بەشداریی تاوانەكەیان کردووە.

گەنجێک مامی خۆی کوشت

پۆلیسی چەمچەماڵ ئاشکرایکرد، شەوی 17ی ئەم مانگە، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە تەقەی لە مامی کردووە، دواتر قوربانییەكە گیانیلەدەستداوە.

پۆلیس ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی ئەو گەنجە دەمەقاڵێی لەگەڵ مامیدا کردووە، بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی لێکردووە و کوشتویەتی.

ڕوداوەکانی خۆکوشتنی ژنان

لەگەڵ ڕوداوەکانی کوشتندا، خۆکوشتنی ژنان لە ماوەی دوو ڕۆژدا هاوڵاتییانی شۆککرد، چونکە لە ماوەی تەنها سێ ڕۆژدا، سێ ژن، کە تەمەنیان لە نێوان 18  بۆ 21  ساڵدا بووە، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

دوێنێ پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، ژنێکی تەمەن 20 ساڵ لەڕێی “خۆهەڵواسینەوە” كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، هۆكارەكەشی بۆ كێشەی خێزانی دەگەڕێندرێتەوە.

لە ڕوداوێکی هاوشێوەدا ژنێکی تەمەن 19 ساڵ لە شاری سلێمانی، کە بە وتەی کەسوکارەکەی، کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە، بە لەچکەکەی خۆیخنکاندووە.

ژنەکە تەنها ماوەی 8 مانگە هاوسەرگیری کردووە، شەوی ڕابردوو لە چێشتخانەکەی ماڵەكەیاندا لە گەڕەکی ژاڵە خۆی هەڵواسیوە و خۆی کوشتووە.

لە ڕوداوێکی دیکەی خۆکوشتندا، کچێک بەناوی (فێنک تاھیر)، کە خوێندکاری زانکۆی کەرکوک بووە، لە گوندی قولی بەگی سەر بە ناحیەی شوان لە سنوری کەرکوک، بە دوو گولـلە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.

بابەتی پێشتر

کاناڤارۆ و سێ ڕاهێنەری دیکە پاڵێوراون بۆ ناپۆلی

بابەتی دواتر

چێڵسی لە هاوکێشەی هالاند کۆڵنادات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share