تەقینەوەیەك لە كارگەیەكی سلێمانی ڕویدا

ئەو كارگەیەی تەقینەوەكەی تیاڕوویدا

تەقینەوەیەك لە كارگەیەكی تایبەت بە تواندنەوەی ئاسن لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی ڕویدا و بەهۆیەوە كرێكارێك گیانی لەدەستدا و سێی دیكەش برینداربوون.

سامان نادر، بەڕێوبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرا لە سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، تەقینەوەكە پێدەچێت بەهۆی پاشماوەی جەنگەوە بوبێت و بەهۆیەوە چوار كرێكار بە سەختی برینداربوون و بەر لە گەیشتنی تیمە تەندروستییەكان یەكێكیان بەهۆی كاریگەری برینەكەوە گیانی لەدەستداوە.

پەیامنێرمان لە شوێنی ڕوداوەكەوە پێی ڕاگەیاندین، تەقینەوەكە نزیك بە كاتژمێر 08:00ی بەیانی ئەمڕۆ لە كارگەری ئاسنی (ماستەر ستیل) لە تانجەرۆ ڕویداوە، كە تایبەت بە كۆكردنەوەی ئاسن و تواندنەوەی.

ئەوەشی وت، “كارگەكە، ئاسنی لە ناوچەكانی خوارووی عێراق و ئەو شوێنانەی پاشماوەی جەنگیان تیایە بۆ دێت و پێدەچێت ئەوەش هۆكاری تەقینەوەكە بوبێت”.

پەیامنێرمان ئەوەشی خستەڕوو، بریندارەكانی ڕوداوەكە باری تەندروستییان ناجێگیرە، یەكێكیان چاوی لەدەستداوە، یەكێكی دیكەشیان قاچی پەڕیووە و سەرجەمیان ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.


بابەتی پێشتر

توركیا كوژرانی سەربازێكی لە باشیك رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

ڕاپۆرتێكی نێودەوڵەتی: نیوەی ژنان لە 57 وڵات لە ئازادی جەستەیی بێبەشن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share