وەزارەتی ناوخۆ: بە درۆن هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجامدراوە

دیمەنی پاش هێرشەكەی هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هێرشەكەی ئەمشەوی هەولێر لەڕێی درۆنەوە ئەنجامدراوە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسان دووەم ڕاگەیەنراوی لەبارەی هێرشەكەی ئەمشەوی هەولێر بڵاوكردەوە و دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەئەنجامدا دەرکەوت هێرشەکە بە ڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە.

ڕونیشیدەكاتەوە، “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە”.

وەزارەتی ناوخۆ دوپاتیشیدەكاتەوە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە.

ئەمشەو دەنگی تەقینەوەیەك لە فڕۆكەخانەی هەولێر بیسترا و دەربارەی ڕوداوەكە دژە تیرۆری كوردستان لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کراوە، وەزارەتی ناوخۆش ڕایگەیاند، “کەمێک پێش ئێستا دەنگی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا”.

هەر ئەمشەو بنكەی زلیكان لە ناحیەی باشیك، كە دەكەوێتە باكووری موسڵ و هێزەكانی توركیای تیایە لەڕێی چەند موشەكێكەوە هێرشی كرایەسەر.

بەپێی زانیارییەكان دوو لە موشەكەكان لەنێو بنكە سەربازییەكە كەوتووەتە خوارەوە و موشەكێكیش لە ناوچەیەكی دانیشتووان نشین كەوتووەتەوە و بەهۆیەوە منداڵێكی تەمەن 12 ساڵان برینداربووە، بەڵام زیانەكانی نێو بنكە سەربازییەكە تائێستا نەزانراوە.

بابەتی پێشتر

بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە نزیك باشیك هێرشی موشەكی كرایەسەر

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ڕیاڵ و سیتی کۆتا بلیتی چوارینەی زێڕینی چامپیۆنزلیگیان بڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share