دهۆك.. دوو هاوسەر بەهۆی هەورەبروسكەوە گیانیان لەدەستدا

لە قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆك، دوو هاوسەر بەهۆی هەورەبروسكەوە گیانیان لەدەستدا كە دایك و باوكی شەش منداڵن.

خزمێكی نزیكی قوربانییەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “كاتژمێر 7:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 10ی نیسان، هەریەك لە كازم خورشید و هاوسەرەكەی كە ناوی بوشرا محەمەد بووە، لەناو باخ و ڕەزەكەی خۆیان لە قەزای ئامێدی هەورە بروسكە لێی داون”.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “ئەو دوو هاوسەرە بەهۆی هەورە بروسكەكەوە سوتاون و گیانیان لەدەستداوە”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی خزمی قوربانییەكان ئاشكرایكردن، “ئەو دوو هاوسەرە شەش منداڵیان هەیە و تەمەنیان نزیكە لە 50 ساڵ”.

لە ئێستادا تەرمی ئەو دوو هاوسەرە، لە قەزای ئامێدییەوە ڕەوانەی پزیشكی دادی دهۆك كراون و بڕیارە پاشتر بە خاك بسپێردرێن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پاش ڕوداوەكە باس لەوە دەكرا، بەهۆی هێرشێكی فڕۆكەكانی توركیاوە ئەو دوو كەسە گیانیان لەدەستدابێت، بەڵام كەسوكارەكانیان ڕەتی دەكەنەوە بەوهۆیەوە بوبێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share