ئێران لە ڕۆژی گفتوگۆكاندا پێشێلی ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەكات

پێشێلكردنەكە پەیوەندیدارە بە عەمبارێكی ئێران تایبەت بە یۆرانیۆمی پیتێندراو

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت، ئێران پێشێلكارییەكی نوێی بەرامبەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ گەورە وڵاتانی جیهاندا كردووە لە ڕۆژی كۆبوونەوەی ڤیەننا تایبەت بە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنەكە.

ئاژانسەكە ئەو پێشێلكارییەی ئێرانی لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكی نوێدا كە ڕۆژی هەینی 9ی نیسان بڵاویكردووەتەوە ئاشكراكردووە.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم خۆی لە باسكردن پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكە لەلایەن ئێرانەوە بەدووردەگرێت و، بەشێوەیەكی گشتیش ڕاپۆرتی تایبەت لەو ڕوەوە ناداتە وڵاتانی ئەندام، لەكاتی ڕودانی ڕوونی پێشێلكاری نەبێت.

لەسەر زاری دیبلۆماتكارانیشەوە دەڵێت، ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە ئاماژەیە بۆ پێشێلكارییەكی نوێ.

پێشێلكردنەكە پەیوەندیدارە بە عەمبارێكی ئێران تایبەت بە یۆرانیۆمی پیتێندراو، ئەوەش پرسێكی زۆر هەستیارە، چونكە دەكرێت عەمباركراوەكە بپیتێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی مادەی گونجاو بۆ بەكارهێنانی لە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا هۆشداریدا لەوەی پێشێلكارییە نوێیەكەی ئێران ببێتە هۆی تێكدانی “هەفتەی ئەرێنی گفتوگۆكان”، ئەمەش پاش كۆتایی هاتنی گفتوگۆكانی ڕۆژی هەینی.

ئەگنیس فون دیر، وتەبێژ بەناوی وەزارەتەكە بە ڕۆژنامەنوسانی وت، زۆر گرنگە ئێران ڕێگری لەهەر پێشێلكارییەكی نوێی پابەندییە ئەتۆمییەكانی بكات.

س: ڕۆیتەرز + ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەكی بەهێز ژاپۆنی هەژاند

بابەتی دواتر

ئەجێندانەكەی ئاشكراكرا.. سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share