پەرلەمانتارێك گومان دەكات بەڕێوبەری كۆمپانیا كۆرییەكە كوژرابێت

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گومان لە ڕووداوی “خۆكوشتن”ی بەڕێوبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو دەكات، پەرلەمانتارێكیش پێیوایە ڕووداوەكە “تاوانكاری” بووە نەك خۆكوژی.

حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینیی 9ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، ڕووداوی “خۆكوشتن”ی بەڕێوبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو، بە مەترسیدار ناوزەد كرد و داوایكرد لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت و ڕایگەیاند، “ئەوەی مایەی سەرسوڕمانی ئێمەیە، خۆكوشتنی بەڕێوبەری كۆمپانیاكە دوای چەند ڕۆژێكی كەمە لە ڕاگەیاندراوە فەرمییەكەی وەزارەتی گواستنەوە بۆ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە پرۆژەی گەورەی فاو دا.”
كەعبی ڕووداوەكەی بە “مەترسیدار” ناوزەد كردووە و دەڵێت، “پێویستە ئاسایشی وەبەرهێنەران لە ناوخۆی عێراق دا بە تەواوەتی دەستەبەر بكرێت.”
هاوكات، عالیە نسەییف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هەمان ڕووداوەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “بە دووری نازانم ڕووداوێكی تاوانكارییانە بووبێت نەك خۆكوژی، دەنا كەسێكی كۆری چ پێویست دەكات لە بەغداد خۆی بكوژێت؟ لەكاتێكدا لە گەورەترین بەندەردا كاردەكات كە دەكرێت بەرژەوەندی و دەستكەوتی زۆر گەورەی بۆ دەستەبەر بكات.”
نوسەییف دەڵێت، “زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە نایانەوێت بەندەری فاو دروستبكرێت و پێموایە كارێكی دەستئەنقەستانە و تاوانكارییانە لە ڕووداوەكەدا هەیە، بە تایبەت كە بەندەری گەورەی فاو زیان بە بەندەرەكانی ناوچەكە دەگەیەنێت وەك بەندەرەكانی فوجێرە و موبارەك ـی كوەیتی.
لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا، ئەمڕۆ هەینیی 9ی تشرینی یەکەم، تەرمی بەڕێوبەری کۆمپانیای (دایۆ)ی كۆری کە بەندەری گەورەی فاو دروستدەکات، بە هەڵواسراوی لە ژورەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.
بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی: دوای ڕێككەوتنەكەی كوردستان و بەغداد لەگەڵ كازمی قسەم كرد

بابەتی دواتر

سبەى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى پۆلی دوازده‌ی ئامادەیی کارا دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share