بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی كێڵگەی حەسیرە ڕاوەستا

ماوەی چوار ڕۆژە گواستنەوەی نەوتی كێڵگەی حەسیرە ڕاوەستاوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، بەهۆی ناكۆكی نێوان دوو كۆمپانیاوەیە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانیش ڕاوەستاوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ماوەی چوار ڕۆژە بەھۆی ناکۆکی دوو کۆمپانیاوە، گواستنەوە و بەرھەمھێنانی 33 ھەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەی حەسیرە وەستاوە.

ڕونیشیكردەوە، “دوای ئەوەی ماوەی یاسایی ئەو کۆمپانیایە تەواوبوو، کە کاری گواستنەوەی نەوتی حەسیرەی دەکرد، ئامادەکاری بۆ پرۆسەی تەندەرین کرا، بەڵام دوای ئەنجامدانی تەندەر کاری پێنەكرا و، درایەوە ھەمان کۆمپانیای پێشوو بە نرخی 19.5 دۆلار بۆ گواستنەوەی یەک تەن نەوتی حەسیرە بۆ بۆری نەوتی خورمەڵە، کە پێشتر 27 دۆلار بووە!”.

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت، بەھۆی ناڕازیبوونی شۆفێری تانکەرەکان و ئەو کۆمپانیایانەی کە دەڵێن “ئامادەین بە کەمتر لەو نرخە باری بکەین” چوار ڕۆژە پرۆسەی گواستنەوەی 33 ھەزار بەرمیل نەوتی حەسیرە ڕاگیراوە و ئێستاش بەرھەمھێنان وەستاوە.

“نزیکەی 1300 شۆفێری تانکەری گەرمیان لە گواستنەوەی ئەم نەوتەدا کاردەکەن” وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسیدەكات و دەڵێت، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا بەڵێنی پێداون لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و ئەنجومەنی وەزیراندا کاری جدی بکەن، کە بەشێوەی یاسا ئەم گرفتە چارەسەر ببێت.

سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمان چارەسەری گرفتەكەشی دیاریكردووە و دەڵێت، دوو ڕێگا ھەیە، یان بەپێی تەندەر بدرێتە ئەو کۆمپانیای کەمترین نرخ لێدەدات و مەرجی یاسایی تێدایە، یان حکومەت خۆی پرۆسەکە بەڕێوەببات و ئەو شۆفێرانەی ئێستا کاردەکەن لە کاری خۆیان بەردەوام بن و بۆ گواستنەوەی ھەر تەنێک 24 ھەزار دیناریان بۆ ئەژماربکرێت.

حەسیرە بریتیە لە پێنج بیرى نەوت و گەورەترین كێڵگەی نەوتی سنوری سلێمانییە و ڕۆژانە 33 هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.

بەرهەمی نەوتی كێڵگەگە پاش بەرهەمهێنانی لەڕێگەی تانكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێر و لەوێوە دەكرێتە ناو بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان ‌و هەناردەی بەندەری جەیهان دەكرێت.

بابەتی پێشتر

" هەمیشە بەخۆم دەڵێم لە مێسی و ڕۆناڵدۆ باشترم "

بابەتی دواتر

ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران باخچەکانی سلێمانی هیلاک کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share