حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران، ئەمڕۆ هەینیی 9ی تشرینی یەكەم لەبارەی دوا سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكەی قسەیكرد و بە “تیرۆریستییانە و ستەمكارانە” ناوزەندیكردن.
دوێنێ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەكەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ڕایگەیاند، سزای بەسەر 18 بانكی ئێران دا سەپاندووە.
لەوبارەیەوە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران، ئەمڕۆ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدلناسڕ هیمەتی، پارێزگاری بانكی ناوەندیی وڵاتەكەیدا ئەنجامداوە و بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ڕۆحانی ئەو سزایانەی بە “تیرۆریستییانە و نامرۆڤانە” ناوزەند كردووە.
سەرۆكی ئێران وتویەتی، “ئەو ڕەفتارانەی ئەمریكا كە لەپێناو دروستكردنی كێشەن بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو بە مەبەستی دابینكردنی خۆراك و دەرمان، تیرۆریستییانە و ستەمكارانە و نامرۆڤانەن.”
ڕۆحانی جەختیكردووەتەوە كە “ئەو سزایانەی ئەمریكا، ئامانجیان شكاندنی بەرگریی گەلی ئێرانە لەڕێگەی ئاستەنگخستنە بەردەم دەستەبەركردنی خۆراك و دەرمان، پێیانوایە دەتوانن گیانی بەرگریكارانەی ئێران تێكبشكێنن، بەڵام ساڵانی پێشوو ئەوەیان سەلماند كە ئەو بۆچوون و شیكارییەی ئەمریكا هەڵەن.”
هەر ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، “لە سەردەمی کۆرۆنا دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو ڕێگایانەی مابوون بۆ کڕینی خواردن و دەرمان بۆ ئێرانییەکان، دایخستن، ئەمەش تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی”.