بەهۆی وشکەساڵییەوە چوار جۆر ماسی لە زۆنگاوەکانی عێراق ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە

داتاکانی شارەزایانی بواری سامانە ئاوییەکان لە عێراق باس لەوەدەکەن، کە سامانی ماسی لە زۆنگاوەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق مەترسیی لەسەرە و زیاتر لە چوار جۆر ماسی ئەو زۆنگاوانە ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو دەگەڕێتەوە.

بەپێی داتاکان چوار جۆر ماسی لە زۆنگاوەکان بەرەو لەناوچوون دەچن، کە کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر پیشەی ڕاوەماسی و بژێویی بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە.

ئاماژە بەوەکراوە، پیشەی ڕاوە ماسی لە ساڵانی ڕابردوودا پیشەیەکی سەرەکیی ناوچەکانی نزیک زۆنگاوەکان بووە و بەرهەمیان لە لوتکەدا بووە، بەڵام ئێستا ئەو پیشەیە پاشەکشەی زۆری کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی سامانی ماسی و لەناوچوونی هەندێک لە جۆرەکانیان.

هۆشداری ئەوەشدراوە، کە ئەگەر حکومەت پلانی نەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی سامانی ماسی و پیشەی ڕاوەماسی، ئەو پیشەیە بەتەواوی نامێنێت و سەرچاوەی بژێویی ئەو کەسانە لەناودەچێت.

عێراق لە ڕیزبەندیی پێنج وڵاتی جیهاندایە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوای لەسەرە، هەروەها هەڕەشەی گەورەی بەبیابانبوون لەسەر عێراق هەیە.

سامانی ماسی لە عێراق بە یەکێک لە دیارترین کەرتە پشتپێبەستراوەکانی عێراق دادەنرێت، لەدوای ساڵی 2003وە ئەو کەرتە پاشەکشەی زۆری بەخۆوە بینیوە بەتایبەت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و وشکەساڵییەوە، هەروەها پشتگوێخستنی کەرتەکە لەلایەن حکومەتەوە، لەکاتێکدا سامانی ماسی لە عێراق 25%ی بەرهەمی ناوخۆ پێکدەهێنێت.

کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات بەڕێژەی 40%، کاریگەریی کردووەتەسەر سامانی ماسی هەروەها زۆنگاوەکان لەو ڕووەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە کە تێکڕا 20%ی سامانی ماسیی عێراق پێکدەهێنن.

بابەتی پێشتر

ڕۆژهەڵاتی كوردستان.. كۆڵبەرێك كوژرا و برایەكی برینداربوو

بابەتی دواتر

دەردە سەگیش بڵاوبووەوە.. لە ڕۆژئاوای کوردستان سەدان تووشبوو هەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share