كازمی: پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكی گرنگە بۆ پێشەوە

مستەفا كازمی لە سەردانەكەی ساڵی ڕابردوویدا بۆ هەرێم

سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو پێشەوە.

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی نیسان لە تویتێكدا ڕایگەیاند، پەسەندكردنی بودجەی فیدڕاڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو پێشەوە سەرەڕای تێبینییەكان و، بەڵگەی ئەوەیە كە كاری پێكەوەیی، پێشكەوتن و سەقامگیری دێنێتە ئاراوە.

ئەوەشی وت، “ڕێچكەی بەریەككەوتن و گرفتەكان نامانگەیەنێتە ئەنجام، با دەستبەكاربكەین بۆ خزمەتكردنی گەلەكەمان”.

كازمی ئاماژەشیدا، چاوی لەسەر “تەواوكردنی چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنە بە پەسەندكردنی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی”.

شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021ی پەسەندكرد، پڕۆژەكە پاش پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆككۆمار و بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمییەوە دەبێتە یاسا و پێویستە لەلایەن هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستانەوە پەسەندبكرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق: هێشتا گرێبەستی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە پووچەڵ نەبووەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، گرێبەستی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پووچەڵ نەبووەتەوە، لە هەوڵی…
Total
0
Share