چوار مانگ دوای مردنی حکومەتی ئیتاڵیا لە مارادۆنا خۆشبوو

دادگای باڵای ئیتاڵیا لەو باجە خۆشبوو کە لەسەر مارادۆنا کەڵەکە ببوو

فەرمانگەی باجی ئیتاڵیا بە فەرمی لەو باجە خۆشبوو کە چەندین ساڵە لەسەر دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانە کەڵەکەبووە.

ڕۆژنامەی ” زە سەن”ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، کە لەسەر ڕاسپاردەی حکومەتی ئیتاڵیا فەرمانگەی باج و باجدانی ئیتاڵیا لە بڕی 34 ملیۆن باجی کەڵەکەبووی سەر دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا خۆشبووە، کە دەبوو لە داهاتی سەروەتەکەی بدرێتەوە.

چیرۆکی باجە کەڵەکەبووەکانی سەر دیێگۆ بۆ ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە کاتێک لە باجی 2.5 ملیۆن یورۆ خۆیدەدزێتەوە، لەو کاتەوە تاوەکو 2006 پۆلیسی ئیتاڵیا گەیشتنە ئەو ڕادەیەی کاتژمێری دەستیی و گوارەکانیان لێزەوتکرد، لەپای بڕێک لەو باجەی کەوتووەتەسەری و نەیداوەتەوە.

لە ساڵی 2013 و دوای ڕێککەوتنێک ئەفسانەکە گەڕایەوە بۆ ئیتاڵیا، بەڵام دۆسییەی خۆدزینەوەی لە باج تاوەکو ساتی مردنیشی بەردەوامی هەبوو.

لە ئێستادا و دوای چوار مانگ لە مردنی، دادگای باڵای ئیتاڵیا دووپاتیدەکاتەوە، ئەفسانەکەی وڵاتی تانگۆ لە ساڵی 2013وە خراوەتە ژێر یاسای لێخۆشبوون و لە ئێستادا فەرمانگەی باج لە تەواوی ئەو باجەی خۆشبووە کە خراوەتەسەری.

لەم بارەیەوە ئانجیلۆ پیسانی پارێزەری یاریزانەکە ڕایگەیاندووە، ” لە کۆتاییدا ئەو بڕیارە شەرەف و کەرامەتە بۆ مارادۆنا گەڕێنرایەوە، هەمیشە دەیزانی کە کەسێکی بێتاوانە”.

مارادۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دواییکرد.

بابەتی پێشتر

ڕاپۆرتێکی پزیشکی ڕیاڵ مەدرید ناچاردەکات لە هالاند دووربکەوێتەوە

بابەتی دواتر

لیژنەی دارایی: دانیشتنی پەرلەمان لە چاوەڕوانی هاتنی پەرلەمانتاران و تەواوكردنی نیسابدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share