بنەماڵەی قادری حاجی عەلی و ملازم عومەر وەڵامی عومەری سەید عەلی دەدەنەوە

بنەماڵەی قادری حاجی عەلی و ملازم عومەر لە ڕونکردنەوەیەکدا وەڵامی قسەکانی دوێنێی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەنەوە لەسەر موڵکایەتی گردی زەرگەتە و ڕایدەگەیەنن، “ئەو قسانە هەمووی تۆمەتن”.

لە ڕونکردنەوەکەی ئەو دوو بنەماڵەیەدا هاتووە، ” لەم ڕۆژانەدا، (ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان) لە کۆبونەوەیەکی حزبیدا کۆمەڵێک تۆمەتی خستۆتە پاڵ (قادری حاجی عەلی و ملازم عومەر) و پێدەچێت ڕێکخەری ئێستای گۆڕان لە ڕێی تۆمەت هەڵبەستن بۆ هاوڕێکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی بیەوێت لەیەک کاتدا هەم دڵی دەسەڵات ڕازیبکات وهەم شەرعیەت بدات بە تەوریسی سیاسی”.

ئەمە دەقی ڕونکردنەوەکەی ئەو دوو بنەماڵەیە:

ڕونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی (قادری حاجی عەلی و ملازم عومەر) ەوە.

قادری حاجی عەلی کۆچی دوایی کردوە و ملازم عومەریش تەمەنی هەڵکشاوە و لە ساڵی 2000 ەوە دەستی لە کاری حزبی و حکومی کێشاوەتەوە وهیچ پەیوەندیەکی بە کاری سیاسیەوە نەماوە.

ئێمە (شیلان ڕۆستەم) و (بەیار عومەر) بە پێویستمانزانی لە بری هەردوکیان وەڵامی ڕێکخەری ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بدەینەوە، چونکە بەناڕەوا و نادروست ناوی ئەوانی هێناوە لە کۆبونەوەوەکی حزبیدا لە گردی زەرگەتە.

پێدەچێت ڕێکخەری ئێستای گۆڕان لە ڕێی تۆمەت هەڵبەستن بۆ هاوڕێکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی بیەوێت لەیەک کاتدا هەم دڵی دەسەڵات ڕازیبکات وهەم شەرعیەت بدات بە تەوریسی سیاسی.

ڕێکخەری ئێستای گۆڕان دەڵێت گوایە” ملازم عومەر و قادری حاجی عەلی داوایان لە کاک نەوشیروان کردوە گردی زەرگەتە بکرێت بەناویانەوە”.

ڕاستی بابەتەکە بەم شێوەیەیە؛ مام جەلال گردی زەرگەتە تەنها دەدات بە خودی کاک نەوشیروان. بەڵام کاک نەوشیروان پێی باش بووە و ویستویەتی هاوڕێکانی لەگەڵدا بێت بۆ پرۆژە سیاسیەکەی.

لە سەرەتای ساڵی 2007 دا، دوای وازهێنانی کاک نەوشیروان لە یەکێتی، گردی زەرگەتەی لە مام جەلال وەردەگرێت، پێشنیار دەکات کە زەویەکە بکرێت بە ناوی خۆی و محمد تۆفیق ڕەحیم و ملازم عومەر و قادری حاجی عەلی و سالار عەزیزەوە.

بەڵام (قادری حاجی عەلی و ملازم عومەر) ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردۆتەوە، لەبەر ئەوەی لە دوو بنەماڵەی خانەدان و چاوتێرەوە هاتون. بێگومان هاوڕێیانی تریش هەڵوێستی جوانی خۆیان نیشانداوە.

(قادری حاجی عەلی) وتویەتی ناکرێت ئەو زەویە بخەینە سەر خۆمان چونکە لە دوای مردنمان دەچێتە سەر منداڵەکانمان و چەندین ساڵی خەبات و شۆڕشمان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ئەو ڕێز و تەقدیرەی هەمانە لەدەستی دەدەین.

(ملازم عومەر)یش بە کاک نەوشیروان دەڵێت با زەویەکە بە ناوی کەسمانەوە نەبێت و تەنانەت بە ناوی جەنابیشتەوە نەبێت و بکرێت بە وەقف و بخرێتە سەر زانکۆی سلێمانی و یاخود بکرێت بە موڵکی هەموو زانکۆکانی کوردستان. ئەوکات زەوی ناچێتە سەر منداڵی کەسمان و جەنابیشت و هەموومان بە سەربەرزی دەچینە مێژوەوە.

کاک نەوشیروان ئەوەش ڕەتدەکاتەوە. سەرەنجام ملازم عومەر زویر دەبێت و بە کاک نەوشیروان دەڵێت کاری سیاسیتان لەگەڵ ناکەم و وەکوکەسێکی خانەنشینی بێلایەن دەمێنمەوە. بەڵام هەرکاتێک پێویستت بە من بوو لە خزمەتتدا ئەبم و وەکو  ئەوەی لە سەردەمی شاخ وپێشمەرگایەتی بەرپرس و هاوڕێم بویت، هەرگیز لە وەختی تەنگانەدا پشتت بەرنادەم. قادری حاجی عەلی و ملازم عومەر ئەم بابەتەیان بۆ ژمارەیەک لە هاوڕێکانیان باس کردوە کە زۆربەیان لە ژیاندا ماون.

لە دوای ڕوداوەکانی 17 شوباتی 2011 ، لەو کاتەی کە پارتی دەیانەوێت پەلاماری گردی زەرگەتە و کاک نەوشیروان بدەن؛ ملازم عومەرسەرباری ئەوەی کاری سیاسی لەگەڵ کاک نەوشیرواندا ناکات، دەچێت بۆ لای مام جەلال بۆ نێوەندگیری، بۆ ئەوەی هێزەکانی یەکێتی ڕێگەنەدەن پارتی بێنە ناو سلێمانیەوە.

مام جەلال لێیدەپرسێت و دەڵێت ئەگەر پارتی پەلاماری کاک نەوشیروان بدەن، تۆ چی دەکەیت؛ ملازم عومەر لە وەڵامدا دەڵێت قەناسە کۆنێکی سەردەمی پێشمەرگایەتیم هەیە، بەو قەناسەوە دەچم بەرگری لە کاک نەوشیروان دەکەم، چونکە بە درێژایی چەندین ساڵ هەم بەرپرس و هەم هاوڕێم بووە. دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر ڕێگە بە پارتی نادرێت بێنە ناو سلێمانیەوە.

سەبارەت بەوەی کە گوایە هاوڕێکانی کاک نەوشیروان داوای پارەیان لە مام جەلال کردبێت، قسەیەکە جگە لە تۆمەت هەڵبەستن و قسەی ناڕاست، هیچی تر نیە و هیچ قورساییەکی نیە.

سوپاسی هەر کەسێک دەکەین ئەگەر بەڵگەیەکمان بداتێ کە هەر کەس لەهاوڕێکانی کاک نەوشیروان پارەیان لە مام جەلال وەرگرتبێت. ئەوەی وەرگیراوە تەنها ئەو 10 ملیۆن دۆلارەیە، کە کاک نەوشیروان خۆی بە ئاشکرا لە وتار و چاوپێکەوتنەکانیدا باسی کردوە لە مام جەلالی وەرگرتوە بۆ دروستکردنی  پرۆژەیەکی میدیایی و ڕۆشنبیری کە دوایی گۆڕا بۆ پرۆژەیەکی حزبی سیاسی پەرلەمانی.

بەداخەوە بۆ ڕازیکردنی دڵی دەسەڵات و شەرعیەتدان بە تەوریسی سیاسی و خۆئامادەکردن بۆ هەڵمەتی پێشوەختی هەڵبژاردن، ڕێکخەری ئێستای گۆڕان هەوڵی تۆمەت هەڵبەستن و شکاندنی هاوڕێکانی دەدات. ئەو ئازادە چۆن دەیەوێت موخاتەبەی کادرانی حزبەکەی وخەلک بکات، بەڵام ناتوانێت مێژوو پێچەوانە بکاتەوە و مێژوی هاوڕێکانی ناشرین بکات.

شیلان ڕۆستەم و بەیار عومەر

بابەتی پێشتر

پارما 2-0 ڕۆما

بابەتی دواتر

کازمی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە و دەنگدان لەسەر بودجە دواکەوت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share