ئەمساڵ هەرێمی كوردستان دووچاری كەمئاوی دەبێتەوە؟

هەرچەندە بارانی ئەمساڵ بەشی پڕكردنی بەنداوەكانی نەكردووە، تا ئێستا پرسی بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانیشەوە كە كێشەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، چارەسەر نەكراوە، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمیش دەڵێت، ئێران داواكارییەكان بە هەند وەرناگرێت.

لە بەغدادی پایتەختی عێراق، كۆنگرەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە دۆسییەی ئاو بەڕێوە دەچێت، نوێنەری هەرێمی كوردستانیش ئامادەیە لەو كۆنگرەیەدا.

هەرێم بێ ئاو دەبێت؟

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بە بارانی ئەمساڵ، بەنداوە بچوكەكانی هەرێم پڕبوون، ئەمساڵ نیوەی ساڵی پار باران باریوە، بۆیە بەنداوە گەورەكان كەمتر ئاویان تێچووە”.

سەبارەت بە كاریگەریی پڕنەبوونی بەنداوە گەورەكانی ئاو لە هەرێم، ئەكرەم ئەحمەد ئاشكرایكرد، “دەبێتە هۆی ئەوەی، كەمتر ئاو بەر بدەینەوە، ئەوەش وا دەكات كەمتر كارەبا بەرهەم بهێندرێت و ئاویش كەمتر بۆ خوارووی عێراق بنێردرێت”.

لەبارەی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و توركیاوە، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم وتی، “لە ڕاستیدا، توركیا و ئێران بۆ خۆیان ئیدارەدانی ئاویان ڕێكوپێكە، گلدانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە كەمتر كاریگەری دەبێت لەسەر هەرێم، بەڵام ئێران كاریگەریی گەورە لەسەر هەرێم دادەنێت”.

هەرێمی كوردستان خاوەنی تەنها دوو بەنداوی گەورەی ستراتیژییە

ئەوەشی خستەڕوو، “ئێستاش ئێران مەترسی لەسەر ئاوی هەرێم دروستكردووە، 40 مەتر ئاوی بەرداوەتەوە لەم وەرزەدا، ئەی دەبێت لە هاویندا چۆن بارودۆخمان چۆن بێت، كە داواش دەكەین ئەو كێشە چارەسەر بكرێت، ئێران دانانیشێت و بە هەندی وەرناگرێت”.

بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكانی هەرێم، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن لە دروستكردنی 17 بەنداو ڕاگیراون، كە چواریان گەورەن و 13شیان بچوكن.

ئەكرەم ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، “تا ئێستا دەست بە كاركردن لە دروستكردنی ئەو بەنداوانە نەكراونەتەوە، بەڵام بەڵێندراوە كە دەستپێبكرێت”.

هەرێمی كوردستان خاوەنی تەنها دوو بەنداوی گەورەی ستراتیژییە، ئەوانیش دوكان و دەربەندیخانن، وەك بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكان ئاشكرایكرد.

كۆنگرەی ئاو لە بەغداد

باڵیۆزی توركیا لە بەغداد ڕایگەیاندووە، ئەو لێكتێگەیشتنەی لەنێوان توركیا و عێراق لەبارەی ئاوەوە واژوو كراوە، بەمزوانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار، فاتح یەڵدز، باڵیۆزی توركیا لە بەغداد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی وتووە، “توركیا بەشێوەیەكی ئەرێنی لە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق دەڕوانێت لەبواری ئاو”.

عێراق بەشێوەیەكی ئاو بەكارناهێنێت

ئاماژەی بەو لێكتێگەیشتنە كردووە كە لە بواری ئاو لەنیوان عێراق و توركیا واژووكراوە و ئاشكرایكردووە، “بەمزوانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

باڵیۆزەكەی توركیا ئاماژەی بەوەكردووە، كێشەی ئاو لە عێراق چەند دیوێكی هەیە و ڕەخنەی ئەوەشی گرت “عێراق بەشێوەیەكی ئاو بەكارناهێنێت”.

ئەو تانەی یەڵدز لە پەراوێزی كۆنگرەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە دۆسییەی ئاو لە بەغداد كراوە.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسی باڵای عێراق و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی، لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، كارەكانی ئەو كۆنگرەیە دەستی پێكرد.

لە کۆنگرەکەدا کە لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ڕێکخراوە، خالید نەجم، وەزیری پلاندانانی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و بەستنی کۆنگرەکەی، بە ڕوداوێکی زانستی و گرنگ لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، “بەستنی کۆنگرەکە لە کاتێکدایە کە عێراق بەرەو ڕووی ژمارەیەک ئاڵەنگاری بووەتەوە، لەوانە قەیرانی تەندروستی و ئاو لەگەڵ ئاڵەنگاریی ئەمنی”.

خالید نەجم ئاماژەی بەوەشكردووە، “داوا دەکەین لە میانی ئەم کۆنگرەیەوە، یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی ئاو لە ناوچەکەدا، بەدی بێت”.

ئەم کۆنگرەیە بۆ یەکەمجارە تایبەت بە ئاو لە عێراق دەبەسترێت، کە تا سبەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراوە، لەبارەی كۆنگرەكەوە وتی، “كۆنگرەیەكی زانستییە و چەند تەوەرێكی تێدایە بۆ چاككردنی ئیدارەدانی ئاو لە عێراق، هەرێمی كوردستان و عێراقیش لەڕووی ئاوەوە یەك دۆخیان هەیە چونكە یەك وڵاتە”.

بابەتی پێشتر

چۆن دەبیت بە بچوكترین پزیشكی جیهان

بابەتی دواتر

ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی سێ كەسی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share