مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئازار سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە دەبێت بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت.
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەبوو، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و داتای خەرجی و داهاتی خەملێنراوی وەزارەتەکان کرا”.
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، پێویستە هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێن و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و کورتهێنان و خەرجی ڕاستەقینە ببەستێت بەئامانجی برەودانی زیاتر، بە شەفافیەت لە دارایی گشتی هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆژی یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 تاووتوێ کرا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، دەنگی لە سەر بدرێت.
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە ، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە نێویشیاندا بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێم، لە سەر بنەمای دەستوور .
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا مەسرور بارزانی هیوای خواست، لایەنە عێراقییەکان ، پێشوازی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ مستەفا کازمی بکەن، لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەییانەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.