وەزیری دارایی عێراق: دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بەندە بە پەسەندکردنی یاسای وەرگرتنی قەرز

عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق، شەوی ڕابردوو 3ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند کە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران پەیوەستە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، “موچەی خانەنشینی بۆ مانگی ئەیلول بەتەواوی و بەبێ هیچ کێشەیەک دابەشکراوە، هەروەها موچە و شایستەکانی فەرمانبەرانی دیکەش لە ڕۆژان و هەفتەی داهاتوودا دابەشدەکرێت”.

عەلی عەلاوی وتیشی، “گرنگە پەرلەمان لەمکاتەدا پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز پەسەند بکات، ئەگەر ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند بکرێت پارە بەردەستدەبێت، ئەمەش کێشە داراییەکان چارەسەر دەکات هەروەها کورتهێنانیش پڕدەکاتەوە”.

لەگەڵ ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەی رابردووەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە تاوەکو پەسەند بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر نەداوە و بەپێی وتەی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد حاجی ڕەشید، “عێراق پێشتر داوای قەرزی کردووە و 15 تریلیۆن دیناری قەرزکردووە و سەرجەمی ئەو پارەیەی بەکارهێناوە ئێستا جارێکی دیکە پێویستی بە قەرزە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ”.

بابەتی پێشتر

هۆشداری دەدرێت لە گەڕانەوەی خوێندكاران بۆ ناوەندەكانی خوێندن

بابەتی دواتر

دوو كەس بە تۆمەتی سوتاندنی شاخی گۆیژە دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار