باوكیان چەكداری داعش بووە.. 12 منداڵی ژنانی ئێزدی گەڕێندرانەوە

تەمەنیان لەنێوان دوو بۆ پێنج ساڵانە

بەرپرسێكی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان دەڵێت، 12 منداڵی ژنانی ئێزدی-یان گەڕاندوەتەوە بۆ عێراق، كە پێشتر لە چەكدارانی داعش بوویانە.

زەینەن سارۆخان، بەرپرسی دەستەی ژنانی ئیدارەی خۆسەری كورد وتی، منداڵەكان تەمەنیان لەنێوان دوو بۆ پێنج ساڵانە و ڕادەستی دایكیان كراونەتەوە.

ئاژانسی فڕانس پرێس لەسەر زاری سارۆخان ئەوەشی وت، “یەكەمجارە منداڵان ڕادەستی دایكە ئێزدییەكانیان دەكەینەوە و ئەو هەنگاوەش پێنجشەممەی ڕابردوو 4ی ئازار ئەنجامدراوە”.

پاش هەرەسی مەیدانی داعش لە ساڵی 2019دا، دەیان كچ و ژنی ئێزدی گەڕێندرانەوە كە پێشتر ڕفێندرابوون و وەك كەنیزەك و سەبایا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا، بەڵام زۆرێكیان ناچاربوون منداڵەكانیان لای چەكدارانی ڕێكخراوەكە جێبهێڵن لە ترسی ڕەتكردنەوەیان لەلایەن كەسوكار و كۆمەڵگاكەیانەوە.

داعش لە پاش كۆنتڕۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی فراوان لە عێراق و سوریا لە ساڵی 2014دا، هەزاران كچ و ژنی ئێزدییان لە ماڵەكانی خۆیان لە شەنگال و دەوروبەری ڕفاند و وەك كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ كردن و دەستدرێژی و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردن.

ئاژانسەكە لەسەر زاری شەڕڤانانی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بڵاویكردوەتەوە، لەمیانەی شەڕی چەند ساڵەیان لەگەڵ داعش دەیان كچ و ژنی ئێزدییان ڕزگاركردووە.

كۆمەڵگای ئێزدی و بڕیاربەدەستانی ئامێزیان بۆ ژن و كچەكانیان كردەوە پاش گەڕانەوەیان بۆ عێراق، بەڵام هاوسۆزییەكەیان نەگەیشتە ئەو منداڵانەی لە چەكدارانی داعش بوویانە.

سارۆخان دەڵێت، پێویستە دەسەڵاتی كورد لە سوریا پارێزگاری لەو منداڵانە بكات، تا ئەوكاتەی دایكیان داوای گەڕانەوەیان دەكەن.

تائێستا ژمارەیەكی بەرچاوی ئێزدییەكان كە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون لەخانەی بێسەروشوێنبوواندان.

س: فڕانس پرێس، ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستی: 198 کەسی دیکە توشی کۆرۆنا بوون

بابەتی دواتر

سێ هۆکار میلانیان لە لوتکەی کالچیۆ هێنایە خوارەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share