ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سیستانی و پاپای ڤاتیکان لەسەر کۆبوونەوەکەی نێوانیان

دوای کۆبوونەوەی نێوان پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، نوسینگەی سیستانی ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە قەیرانی دارایی و کۆچ و توندوتیژی لە عێراق کرد.

لە ڕاگەیەندراوی نوسینگەی عەلی سیستانیدا هاتووە، “لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو تەحەدیانە کرا کە ڕوبەڕووی مرۆڤایەتیی بووەتەوە، هەروەها باسیان لە زوڵم، ڕق و کینە و هەژاری و ململانێی دینی و فیکری، سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان و نەبوونی دادگەریی کۆمەڵایەتیی کرد”.

ئاماژە بەوەشکراوە سیستانی باسی لە ئەو نەهامەتی و شەڕ و تەندوتیژی و کۆچکردن و زۆردارییە کرد کە ڕوبەڕووی گەلی عێراق و گەلی فەلەستین دەبێتەوە لەسەر خاکی خۆیان.

هەروەها مەرجەعی باڵای شیعەکان لە گفتوگۆیدا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان باسی لە ڕۆڵی سەرکردە ئاینییەکان کرد لە کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتی و ناکۆکییانەدا، لەو نێوەندەشدا  لە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان و زلهێزەکان ئاگاداربکرێنەوە کە دەبێت ڕێگە بەوەبدەن حوکمی لۆژیک سەربکەوێت و لە زمانی جەنگ دووربکەونەوە.

سیستانی بە پاپا فرانسیسی ڕاگەیاندووە جەختدەکاتەوە لەوەی کە گرنگی بە ژیانی کریستیانەکان دەدات وەک هەموو هاوڵاتییەکی دیکەی عێراقی تاوەکو بە ئاشتی و ئاسایش بژین و بە سەرجەم مافە دەستورییەکانیان بگەن.

لەلایەکی دیکەوە ڤاتیکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “پاپا فرانسیس لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی کە نزیکەی کاتژمێرێک بەردەوام بوو جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی هاوکاری و پەیوەندیی باشی نێوان ئاینەکان لەڕێگەی ڕێزگرتنی بیروباوەڕی یەکتر و لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەپێناو چاکەی عێراق و ناوچەکە و هەموو مرۆڤایەتیی لە جیهاندا”.

ڕاگەیەندراوەکەی ڤاتیکان دەڵێت، “دیدارەکە دەرفەتی بۆ پاپا ڕەخساند تاوەکو سوپاسی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان بکات کە دەنگی خۆی بەرزکردەوە لەدژی توندوتیژی و بارگرانییەکانی سەر عێراق لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا و گرنگیدان بە یەکگرتوویی گەلی عێراق”.

بەیانی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس بە فڕۆکەیەک لە بەغدادی پایتەختەوە گەیشتە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە ماڵەکەیدا کۆبووەوە و دیدارەکەیان دوور لە چاوی میدیاکان نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند.

بابەتی پێشتر

پاپا: سەدان كەس لە ئێزدییەكان مردن و مامەڵەی خراپیش لەگەڵ زۆرێكیاندا كرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: 198 کەسی دیکە توشی کۆرۆنا بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share