توركیا.. تاوانەكانی كوشتنی ژنان دەكرێتە خۆكوژی سەرەڕای بوونی بەڵگە

خۆپیشاندانێكی دژ بە كوشتنی ژنان لە توركیا

تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 300 ژن لە توركیا كوژراون، وەك ئەوەی لە ئامارە فەرمییەكاندا هاتووە، بەڵام ئەوەی لەو پرسەدا دەشاردرێتەوە داپۆشینی ڕوداوەكان و گۆڕینیەتی بۆ ڕوداوی خۆكوژی، كۆمەڵەكانی مافی ژنانیش داوای دادپەروەری و پاراستنی زیاتری ژنان دەكەن.

تاوانەكانی كوشتنی ژنان بەشێوەی قێزەونانە حاڵەتی دەگمەن نین و، ئەمەش نیگەرانی و توڕەیی لەنێو كۆمەڵگای توركیدا دروستكردووە. یەكێك لەو تاوانانەی لە یادەوەری خەڵكی وڵاتەكەدا ماوەتەوە، تاوانی كوشتنی سۆلۆ جێت، تەمەن 23 ساڵ بوو لە ئایاری ساڵی 2018دا.

بەپێی بەڵگەكان دوو كەس كە لەژێر كاریگەری خواردنەوە كحولییەكاندا بوون دەستدرێژییان كردووەتەسەر كچەكە، كە یەكێكیان بەڕێوبەری كارەكەی بووە. پاش دەستدرێژییەكەش لە پەنجەرەوە هەڵیانداوەتە خوارەوە.

دوو تۆمەتبارەكە بە پۆلیسیان ڕاگەیاندبوو كە كچەكە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری بوونی شكان لە مل و دەستدرێژی سێكسی و دەركەوتنی ماددەی هۆشبەری لە خوێنی قوربانییەكەدا نیشاندا. ئەنجامەكان بە ڕوونی دەریدەخەن كە مردنەكەی بەهۆی خۆكوژییەوە نەبووە.

دادگایی تۆمەتباران نیو ساڵی خایاند، لەو ماوەیەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، هاوكات لەگەڵ گفتوگۆكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەرهەق بە پرسەكە، تا ئەوكاتەی دادگا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر یەكێك لە تۆمەتباران و 19 ساڵ بەندكردنی بەرامبەر دووەمیان دەركرد.

بەهۆی ئەو دۆسیەیە و ئەو خۆپیشاندانانەی بەهۆیەوە ئەنجامدران كۆمەڵەكانی بەرگری لە مافەكانی ژنان دەخوازن فشارێكی میللی دروستبكرێت نەك تەنها بۆ گۆڕینی كۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی كۆمەڵگا، بەڵكو لەسەر ئاستی خودی دادگای توركیاش.

تاوانەكان بەردەوامن
بەڵام لەوكاتەوە تائێستا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ نەهاتووەتەدی، شاردنەوەی تاوانەكانی كوشتنی ژنان و گۆڕینی بۆ ڕوداوی خۆكوژی تائێستا درێژەی هەیە. دواینی ئەو تاوانە بوو كە بەرۆكی ئیتان كایا (35 ساڵ)ی لە دیاربەكر گرتەوە كە بە هەڵواسراوی لە ماڵەكەیدا دۆزرایەوە. لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ئاشكرایكرد كە مردنەكە بەهۆی خۆكوژییەوە بووە، بەهۆیەوە داواكاری گشتی دۆسیەكەی داخست، بەڵام ئەندامانی خێزانەكەی بەو ئەنجامە ڕازی نەبوون، بەتایبەت بەهۆی هەڵوێستی پێچەوانە لە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسدا.

ڕاپۆرتی توێكاری كاتی مردنەكەی دیارینەكردووە، هەروەك پێكانی شین لەسەر جەستەی بەدیكراوە، ئەمەش ئەو نیشانانەیە كە ئاماژەنییە بەوەی مردنەكە بەهۆی خۆكوژییەوە بێت. هەروەك ڕاپۆرتەكە نیشانەی بەركەوتنی سێ ڕۆژەی لەسەر جەستەی دەرخستووە كە بەتەواوی هەمان ماوەیە كە هاوسەرەكەی لە كارەوە بۆ ماڵ گەڕاوەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەو وردەكارییانە داواكاری گشتی ڕەزامەندی نەدا لەسەر دووبارە دەستكردنەوە بە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا.

شاردنەوە لەلایەن دادگاوە
پارێزەر گۆربیت گوزدە ئینجین، سەر بە یەكێتی (ڕۆزا)ی تایبەت بە مافەكانی ژنان وتی، چوار ژن بە هەمان ڕێگا لەماوەی چەند هەفتەیەكی پاش ڕوداوەكە كوژراون و، نوسینگەی داواكاری گشتیش بەهەمان شێوە بڕیاریدا لێكۆڵینەوەی زیاتر نەكرێت.

وتیشی، “لە حاڵەتی مردنی ژنان لەوكاتەی گومانی زۆر لەبارەی خۆكوشتنەكەوە هەیە، پێویستە لێكۆڵینەوە لە ئاراستەیەكی جیاوازە بكرێت. تاوانەكەدا لێرەدا تەنها كوشتنەكە نییە، بەڵكو تاوانی ڕاگەیاندنی ڕوداوەكەشە وەك خۆكوژیی ژن”.

خەدیجە كۆرۆك، لە یەكێتی (Kadın Kültür Evi Dernegi) كۆی سیستمی دادوەری توركیا بە بەرپرسیار ناودەبات و دەڵێت، “پێویستە گومانی زیاتر بكەین، كاتێك كردەكانی كوشتنی ژنان بە خۆكوژی ناودەبرێت، بەو ناوەوە تاوانەكانی كوشتنی ژنان دادەپۆشرێن”.

س: DW

بابەتی پێشتر

ڕاوێژکاری کازمی: ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی لە 2020دا بەڕێژەی %11 کەمیکردووە

بابەتی دواتر

پیکێ دووبارە تووشی پێکان بووەتەوە !

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share