ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی شوبات کۆبووەوە و سەرەرای جەختکردنەوە لە پابەندبوون بە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیار و ڕێنماییەکی دیکەیان دەرکرد.

لە ڕاگەیەنراوێکدا پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، “هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان‌)، دامەزراو و فەرمانگە حکومی و ئەهلیەکان، ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک) و دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ‌هه‌رشوێنێك پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر”.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەم شوێنانە لەکاتژمێر (12)ی شەو تاوه‌كو (6)ی به‌یانی دادەخرێن، (یانەکانی شه‌وانه‌، كافتریا، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (باڕ)، بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە پێدراو نین خزمەتگوزاری نێرگەلە کێشان پێشکەشبکەن).

هەروەها ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکان لە کاتژمێری 12:00ی ئەمشەوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەقی بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر:

یەکەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان‌)، دامەزراو و فەرمانگە حکومی و ئەهلیەکان، ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک) و دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ‌هه‌رشوێنێك پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

دووەم/ یاد‌ و بۆنە نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییەکانی ئادار به‌رز و پیرۆز راده‌گیرین به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گردبوونه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جەماوەری بەم بۆنانەوە ئه‌نجام بدرێت و هەموو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوە و کۆنفرانس و بۆنەیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی قەدەغەیە.

سێیەم/ کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانیان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و پەنچەرە ودرەگاکان کراوە بن بۆئەوەی هەواگۆڕکێ هەبێت و ڕەچاووی دووری مەودای نێوان مێزەکان بکرێت.

چوارەم/  ئەم شوێنانە لەکاتژمێر (12)ی شەو تاوه‌كو (6)ی به‌یانی دادەخرێن:

(یانەکانی شه‌وانه‌، كافتریا، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (باڕ)، بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە پێدراو نین خزمەتگوزاری نێرگەلە کێشان پێشکەشبکەن)

پێنجەم/ پرسەدانان لە(کۆڵان-هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت-باخچە) و مەراسیمی سەرقەبران بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

شەشەم/ هۆڵه‌كانی سینەما لەگشت مۆڵ و بازاڕەکان بەتەواوی دادەخرێن.

حەوتەم/ بووک گواستنەوە و ئاهەنگەکانی تری نیشان و لەدایک بوون لەهۆڵەکان لەقەرەباڵغی سنووردار دەکرێت بەمشێوەیەی لای خوارەوە:-

– هۆڵ ڕووبەری (500)م2، نابێت لە (60) کەس زیاتری تێیدا ئامادەبێت.

– هۆڵ ڕووبەری (1000)م2، نابێت لە (120) کەس زیاتری تێدا ئامادەبێت.

هەر خاوەن هۆڵ و سەرپەرشتیارێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، هۆڵەکەی دادەخرێت.

هەشتەم/ بازگەکانی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ پارێزگاکانی تری عێراق دادەخرێت لەڕۆژانی 5 تاوەکو 7/ 3/ 2021، جگە لە هاتووچۆی شاندە فەرمیەکانی حکومی و دیبلۆماسی و هاوپەیمانان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان.

نۆیەم/  هاتووچۆ و چالاکی لە کەمپەکانی پارێزگای هەولێر سنووردار دەکرێن، تەنها ڕێگە بەو ڕێکخراو و لایەنانە دەدرێت کە هاوکاری و پێداویستی ڕۆژانە دابین دەکەن ئەویش بەنووسراوی پارێزگای هەولێر/ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ڕێگەیان پێدەدرێت بەپابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان.

دەیه‌م/ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە نوێژخوێنان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان و بردنی منداڵان بۆ ناو مزگەوت قەدەغە بکەن.

یازدە‌یه‌م/ داوا لەسەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەس و کارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چوونی ڕۆڵەکانییان بۆ قوتابخانە و خوێندنگاکان ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.

دوازدەیەم/ داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین،  لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان لەم قۆناغەدا بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بن و (دەمامک)ببەستن.

سێزدەیەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.

چواردەیەم/ سەرجەم فەرمانبەرانی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەبێت پابەندی تەواوی ڕێنماییەکان بن و ئەو بڕیارانە گشت قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە.

ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو (2 ) لەسەر(3)ی (3)ی 2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بابەتی پێشتر

یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر چەند کەسایەتییەکی ڕوسیدا سەپاند

بابەتی دواتر

سەرۆك فراكسیۆنێك وردەكاریی دوایین پێشهاتەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەدا ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share