ڤاكسینی دژە كۆرۆنا گەیشتووەتە بەغداد و بڕیارە لەماوەی دوو ڕۆژدا بەشی هەرێمی كوردستانیش ڕەوانەی هەولێر بكرێت، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانیش وردەكاری پشكی سلێمانی دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار، لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشكرایكردووە، “ئەمڕۆ دەست بە كوتانی بە ڤاكسینی كۆرۆنا دەكەن و سەرەتاش ئەو كەسانە دەكوترێن كە پرۆتۆكۆلەكە دەیانگرێتەوە”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆكەخانە، ڤاكیسنەكە بۆ كۆگا تایبەتەكان گواستراونەتەوە و ئەمڕۆش لە بەغداد كوتانی ئەو كەسانە دەستپێدەكات كە دەیانگرێتەوە”.
سەبارەت بە بەشی هەرێمی كوردستان لەو ڤاكسینە، دكتۆر یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەم كاروانە ڤاكسینە بەشی هەرێمی كوردستان 5 هەزار دەبێت، یەك هەزاری دەدرێت بە كونسوڵخانەی چین لە هەولێر”.
لەبارەی بەشی پارێزگای سلێمانی، دكتۆر یاد نەقشبەندی ئاشكرایكرد، “نزیكەی هەزار و 200 ڤاكسین دێتە پارێزگای سلێمانی، كە بەشی 600 كەس دەكات و ئێمەش ئەو كەسانەی پێ دەكوتین كە لە سەنتەرەكانی كۆرۆنادا كار دەكەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو كەسانەی كە سەرەتا ڤاكسینەكە دەیانگرێتەوە، بە پرۆتۆكۆلێك لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە دەستنیشان كراون”.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەكی زۆر زیاتر لەو ڕێژەیە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بێتە هەرێمی كوردستان، ئەو كات ڕێژەیەكی زیاتر هاوڵاتی سوودمەند دەبن، وەك یاد نەقشبەندی وتی.
یەكەم كاروانی ڤاكسین لە چینەوە گەیشتە بەغداد
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشكرایكردووە، ئەمڕۆ سێشەممە یەكەم كاروانی ڤاكسنی دژە كۆرۆنا گەیشتە عێراق.
لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە، “بە ڕێنمایی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەزارەتی بەرگری فڕۆكەیەكی سەربازی لە جۆری C130 ناردە چین بۆ ئەوەی یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بگوازێتەوە بۆ عێراق”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار، فڕۆكەكە بە بارە ڤاكسینەكەوە گەیشتە بەغداد”.
لەكاتی گەیشتنی كاروانە ڤاكسینەكە هەریەك لە وەزیری تەندروستیی عێراق و سكرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان و باڵیۆزی چین لە بەغداد ئامادەبوون.
دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، “لەو ڤاكسینەی دێتە عێراق 20%ی دەدرێت بە هەرێمی كوردستان”.