جوتیار عادل: پڕۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆتۆ: ئەرشیف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكاندا بەردەوام دەبێت و دەشڵێت، ڕێكارەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تونددەكرێتەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئازار بەشێك لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای ئاشكراكرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، پڕۆسەی خوێندن لەناو ناوەندەكاندا بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕێكارەكان توندتر دەكرێن.

ئەوەشی وت، لیژنه‌ی باڵا بڕیاریداوە لەسەر توندتركردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بەمەبەستی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە و پابه‌ندكردنی سه‌رجه‌م هاوڵاتیان به‌ ڕێنماییه‌كان.

جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ڕێكارە نوێیانە تا 10ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ئەوكات جارێكی دیكە لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و ئه‌گه‌ر مه‌ترسی زیاتر بێت بژارده‌ی ڕاگرتنی خوێندن دێته‌ ئاراوه‌.

ئاشكراشیكرد، لە چوارچێوەی ڕێكارە نوێیەكاندا لە كاتژمێر 12:00-ی شەو تا 06:00-ی بەیانی شوێنە گشتییەکان دادەخرێن و هەر لایەنێك پابەندنەبێت سزادەدرێت.

وتەبێژی حكومەت داواشی لە هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد، هاوکاری حکومەتی هەرێم بن و کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەنەبەن و ڕەچاوی دۆخی تەندروستی بكەن.

هەروەك لەبارەی هاتنی ڤاکسینی کۆرۆناوە وتی، بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان كە لەلایەن وڵاتی چین-ەوە دابینكراوە و دابەشکردنیشی بەپێی پلانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت.

وتەبێژی فەرمی حكومەت ڕەتیشیكردەوە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ڕێكارەكانەوە هەڵوەشابێتەوە.

بابەتی پێشتر

حەلبوسی داوای دۆزینەوەی تۆمەتباری هێرشكردنەسەر غالب محەمەد دەكات

بابەتی دواتر

ئەمریكا: بە چڕی چاودێریی خۆپیشاندانەكانی عێراق دەكەین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ جەژنی ئاشوورییەکان: ڕۆڵێکی گرنگتان لە پتەوکردنی تەبایی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆی ئاشوورییەکان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕۆڵی ئەوان لە پتەوکردنی گیانی تەبایی و…
Total
0
Share