پیلیگرینی: سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید یاریزانی بۆ دەکڕیم پێویستم پێی نەبوو

پیلیگرینی یادوەریەکانی سەردەمی ڕیاڵ مەدرید و سیتی ئاشکرادەکات

مانوێل پیلیگرینی، ڕاهێنەری پێشووی یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر سیتی و ئێستای یانەی ڕیاڵ بیتیس چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی “ئەتلەتیک” ئەنجامدەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

ڕاهێنەرەکە لە وەڵامەکانیدا ئاماژە بە سەردەمی کارکردنی لەهەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە دەکات، بە دووریشی دەزانێت لە دوای یانەی ڕیاڵ بیتیس دووبارە لە یانەیەکی گەورەی پریمەرلیگ کاربکاتەوە، هۆکارەکەش بۆ تەمەنی دەگەڕێنێتەوە کە 67 ساڵە و نزیکی 70 دەبێتەوە.

سەردەمی ڕیاڵ مەدرید

ساڵێکم لە ڕیاڵ مەدرید بەسەربرد، ساڵێکی تایبەت بوو، چونکە هەموو ڕاهێنەرێک حەز بە کارکردن دەکات لەم یانەیە، بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاوازەوە لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە نەمانتوانی لەیەکدی تێبگەین، هەریەکەمان لەبارەی یاریزانان و پێکهاتەکەوە بۆچوونێکی تایبەتیمان هەبوو، ئەوان توانیان چەندین یاریزانی ناوازە دابینبکەن، بەڵام زۆرینەیان لەو پێگانەدا یارییان دەکرد کە ئێمە خاوەنی یاریزانی بەتوانا بووین تیایاندا پێویستم پێیان نەبوو، ئەوەم بە دڵ نەبوو.

 

هەندێک لە یانەکان خاوەنی پارەی خەیاڵیی نین، بەڵام خاوەنی هاندەرانێکن هەمیشە لە پشتیانن

 

نازناوی لالیگا

لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید توانیمان 96 خاڵ کۆبکەینەوە، بەداخەوە نەمانتوانی نازناوی لالیگا بچنینەوە و یانەیەکی ناوازەی وەک بەرشلۆنە پێشمانکەوتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان هاوشانیان بکەین، کاتێکیش دەرگایەک بەڕووتدا دادەخرێت دەرگایەکی دیکە دەکرێتەوە، دواتر چانسی ئەوەم هەبوو پەیوەندی بە مالاگاوە بکەم، کە یەکێکە لە سەرکەوتووترین یانەکان لە ژیانی وەرزشییمدا.

یاریکردن بەبێ هاندەران

ئامادەنەبوونی هاندەران لە یاریگاکاندا خراپترین شتبوو لە وێستهام و ڕیاڵ بیتیس بەسەرماندا هات، هەندێک لە یانەکان خاوەنی پارەی خەیاڵیی نین، بەڵام خاوەنی هاندەرانێکن هەمیشە لە پشتیانن، لە لەندەن بە لۆگۆی چەکوشەکانەوە هاندەرانی وێستهام بۆ یانەکەیان ماندوو دەبوون و بە جۆشوخرۆشەوە لەگەڵماندا بوون، ئەوەش هەمان شتە لە بیتیس، هەر کەسێک لە ئیشبیلیە بژی ئەو ڕاستیە دەزانێت.

لالیگا یان پریمەرلیگ؟

لە ئینگلتەرا باشترین خولی ناوخۆیان هەیە، هەمووان خاوەنی پارەن و دەتوانن پێکهاتەی گونجاو بونیادبنێن، یاریگاکان ناوازەن و گرنگ نییە ڕکابەر لیڤەرپوڵە یان ئارسیناڵ، تەنانەت ئەگەر بەرانبەر یانەیەکی خولی پلە دوو یاریبکەیت یاریگا پڕدەبێت، هاندەران لەهەموو بارودۆخێکدا پاڵپشتی یانەی شارەکانیانن، لە ئیسپانیا ڕەنگە لە ڕووی هونەریەوە بەهێزتربن، لێرە چەندین ساڵ خاوەنی کریستیانۆ و مێسی بوون و یانەکانیان کۆنتڕۆڵی ئەوروپایان کردووە، بەڵام لە ئینگلتەرا خێرایی یاریکردنیان هەیە، دەکرێت بە سێ گۆڵی بێوەڵام پێشەنگی بگریت و لە کۆتا پێنج خولەکدا شکستبهێنیت، نابێت لە ئینگلتەرا خۆت بدەیت بەدەستەوە، هاندەرانیش ئەوە قبوڵناکەن.

 

بەڕێوەبەرانی سیتی پێیان وتم، کە لەگەڵ گواردیۆلا گفتوگۆمان کردووە و ئەو نەیەتە سیتی تۆ دەبیتە ڕاهێنەری یانەکەمان

 

دەگەڕێتەوە بۆ پریمەرلیگ؟

نازانم، 36 ساڵە لە بواری ڕاهێناندا کاردەکەم، ئەوەش ماوەیەکی دوورودرێژە، پێش وێستهام و دوای وێستهام چەندین بژاردەی دیکەم لەبەردەستدابوو، بەڵام کاتێک لێرە لە بیتیس بۆندەکەم کۆتاییدێت تەمەنم دەگاتە 70 ساڵ، لە ماوەی ئەم سێ وەرزەدا دەمەوێت هەست بە گەنجیەتی و توانا بکەم، دەمەوێت بە گڕوتینەوە تێێپەڕێنم، خۆشحاڵیشم.

ئاستی مان سیتی لە چامپیۆنزلیگ

پێش من سیتی نەگەیشتبووە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگ و لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە شکستیاندەهێنا، ساڵی 2016 گەیشتینە قۆناغی نیوەی کۆتایی و بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید وەستاینەوە، مەدرید بە گۆڵێک کێبڕکێکەی یەکلاییکردەوە، دڵنیام ئەمساڵ یان لەم نزیکانەدا سیتی نازناوەکە دەچنێتەوە.

گرێبەست لەگەڵ سیتی

ساڵی 2013 بۆ یەکەمجار لەگەڵ بەرپرسانی سیتی چاومان بەیەکدی کەوت، پێیان وتم کە لەگەڵ گواردیۆلا لە گفتوگۆدان و دەیانەوێت وەک ڕاهێنەری یانە دابینی بکەن، ئەوەشیان پێوتم کە ڕاهێنەرەکە لە ئەمریکایە ئەگەر بیەوێت ببێتە ڕاهێنەری یانە بۆندی لەگەڵدا واژوودەکەن، ئەگەر قایلیش نەبێت پێویستیان بە ڕاهێنەرێکی دیکەیە و ئەو ڕاهێنەرەش من دەبم، لەم نێوەندەدا پێپ بڕیاریدا پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە بکات و بۆ ڕۆژی دواتر بەرێوبەرانی سیتی پەیوەندیان پێوەکردمەوە و پێویستیان بە گفتوگۆکردن بوو لەگەڵمدا، دوای سێ ساڵ کارکردن لەگەڵ سیتی پەیوەندیم پچڕاند و بەهەمان شێوە پێپ لەگەڵ بایرن، سیتیم بەجێهێشت و پەیوەندیەکی توندوتۆڵیشم لەگەڵ یانەکەدا هەیە.

بابەتی پێشتر

دەمیرتاش لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە قسە دەکات

بابەتی دواتر

گوڵاڵە.. ئەو داعشانەی شەوی ڕابردوو هێرشیانكرد بە ئاگری پێشمەرگە پێكراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share