ناتۆ: نیگەرانین لە نزیكبوونەوەی ئێران لە بەدەستخستنی چەكی ئەتۆمی

سكرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەنتیك “ناتۆ” ڕایگەیاند، “ناتۆ نیگەرانە لە نزیكبوونەوەی ئێران لە بەدەستخستنی چەكی ئەتۆمی.”

یینس ستولتنبێرگ، سكرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەنتیك “ناتۆ” لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی وتی، “ئێران مایەی نیگەرانییە، چونكە بەرپرسە لەو چالاكییانەی ئاسایشی ناوچەكە دەخەنە مەترسییەوە، ئێمە لەبارەی پرۆگرامە موشەكییەكەی ئێرانەوە نیگەرانین.”

سكرتێری گشتیی ناتۆ، جەختیكردەوە لەوەی هاوپەیمانێتیی ناتۆ نیگەرانە لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە و وتی، “ئەوەی كاربەدەستانی ئێران دەڵێن نزیكبووینەتەوە لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، نیگەرانی كردووین.”

یینس ستولتنبێرگ ئاشكراشیكرد كە “ناتۆ پێشوازی دەكات لە چالاككردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی.”

دوێنێ دووشەممە 22ی شوبات، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا ڕایانگەیاند، “بارودۆخی ئەتۆمیی ئێران نیگەرانی كردووین.”

هەر دوێنێ، ئانتۆنی بڵینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی، “پێویستە كاربكرێت لەسەر چارەسەری هەڵسوكەوتەكانی ئێران كە هۆكاری تێكدانی سەقامگیری هەرێمایەتییە لەنێویشیاندا پەرەپێدانی موشەكی بالیستی.”

ئەم كاردانەوانە هاوكاتی لێدوانێكی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دێن كە ڕایگەیاندووە، “ئێران دەتوانێت گەشە بە چەكی ئەتۆمی بدات بەڵام خۆی نایەوێت ئەو كارە بكات”.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی لەبارەی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share