دوو وەزیری عێراقی لەكەمتر لە 24 كاتژمێردا دەگەنە سعودیە

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ گەیشتە ڕیاز-ی پایتەختی سعودیە بە چەند كاتژمێرێك پاش سەردانێكی هاوشێوەی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ ئەو وڵاتە بە سەرۆكایەتی وەفدێكی ئەمنی.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی شوبات فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە سعودیە پاش بانگێشتێك كە لەلایەن فەیسەڵ بن فەرحان-ی هاوتا سعودییەكەیەوە ئاراستەی كرابوو.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا وتی، هەردوولا تاوتوێی دوا گۆڕانكارییەكانیان دەكەن لەبواری پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و تاوتوێكردنی گرنگترین بڕیارەكانی كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیی باڵای نێوانیان و، شێوازی تەواوكردن و كاراكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن كە لەنێوان بەغداد و ڕیاز واژووكراون.

ئێوارەی دوێنێش گەیشتنی عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق بە سعودیە لە سەردانێكی كتوپڕی پێشتر ڕانەگەیەنراودا ئاشكراكرا.

سەردانەكەی غانمی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵا بوو، بەڵام ناوەرۆك و ئامانجەكەی لە بەیاننامەی وەزارەتەكەدا و ماوەی مانەوەیان لەو وڵاتە ئاشكرانەكراوە.

نوسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەتیكردەوە هیچ زانیارییەك دەربارەی هۆكاری ڕۆیشتنی دوو وەزیر بۆ پایتەختی سعودیە بدات، تەنها ئاماژەی بەوەدا كە دەچێتە خانەی كارەكانی لیژنەی هەماهەنگی عێراق-سعودیە كە لەكاتێكی پێشتری ساڵی ڕابردوودا بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بڕیاری لەبارەوە درا.

سایتی عەرەبی جدید لەسەر زاری پەرلەمانتارێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری عێراق بڵاویكردەوە، سەردانی وەزیری ناوخۆ و دواتریش وەزیری دەرەوە بەهۆی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی سعودیەوە بووە تایبەت بە دۆسیەی سنووری نێوان هەردوو وڵات.

بەپێی پەرلەمانتارەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، گفتوگۆكانی هەردوو وەزیر تایبەت دەبێت بە دۆسیەی پاراستنی سنوور لەگەڵ لایەنی سعودی، بەتایبەت پاش ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە چالاكی گروپە چەكدارییەكان لە سنوورەكانی عێراقدا دەكەن و ئەوەی لەبارەیەوە دەوترێت دەربارەی ئەگەری هێرشكردنەسەر ڕیاز لەخاكی عێراقەوە.

لە 24ی كانونی دووەمی ڕابردوو گروپێكی چەكداریی عێراقی پەیوەندیدار بە ئێران لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی لەو هێرشە ڕاگەیاند كە لە 23ی هەمان مانگ كرایەسەر سعودیە.

بابەتی پێشتر

کارەبای سلێمانی دەخرێتە سەر سیستمی GIS

بابەتی دواتر

هەولێر.. خوێندکارێک مامۆستاکەی دایە بەرچەقۆ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وتەبێژی حکومەتی عێراق دیاریکرا

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسم عەوادیی وەک وتەبێژی حکومەتەکەی راسپارد. نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک…
Total
0
Share