بۆ لابردنی سزاكانی سەری لەلایەن ئەمریكاوە ئێران پەلەیەتی

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، بڕیاری تاران بۆ كۆتاییهێنان بە كاری چاودێرانی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆم واتای ئەوەی نییە كە وڵاتەكە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەكشێتەوە، ڕەخنە لە كابینەكەی بایدن دەگرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی شوبات، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، “بڕیاری تاران بۆ كۆتاییهێنانی بە كاری چاودێرەكانی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی جیهانی، واتای ئەوە نییە ئێران دەستبەرداری ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەبێت”.

زەریف ڕەخنەی لە كابینەكەی بایدن گرتووە و ڕایگەیاندووە، “لە ڕاستیدا ئەوان سیاسەتی فشار پەیڕەو دەكەن، كە بە هەمان شێوە دۆناڵد ترەمپ پەیڕەوی دەكرد”.

وەزیری دەرەوی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە دەتوانین سەرجەم لادانەكانمان لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی ڕاست بكەینەوە، بەڵام لە بەرامبەردا پێویستە ئەمریكاش بگەڕێتەوە نێو ڕێككەوتنەكە و سەرجەم سزاكانی سەر ئێران لاببات”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئێوارەی دوێنێ، كازم غەریب ئابادی، باڵیۆزی تاران لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم وێنەیەكی لە تویتەری خۆی بڵاوكردەوە، لە وێنەكەشدا دەركەوتبوو، ڕافایل گروسی، بەڕێوبەری گشتیی وزەی ئەتۆمی جیهانی لەنێوان باڵیۆزەكەی ئێران و بەهرۆز كەمالوەندی، سەرۆكی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێراندایە.

لەسەر وێنەكەش نوسیبووی، “بەڕێوبەری گستیی گروسی ئێستا گەیشتە تاران”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، دووشەممەی ڕابردوو تاران ڕایگەیاند، كۆتایی بە كاری چاودێرەكانی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی جیهانی دێنێت لە وڵاتەكەی.

ئەو بڕیارەی ئێرانیش پشتبەستە بە بڕیارێكی پەرلەمانی وڵاتەكە كە تیاییدا داوا دەكات كاری ئەو چاودێرانە كۆتایی پێبهێندرێت.

لەلایەكی دیكەوە ئێران ئومێدی هەیە

لای خۆیەوە عەلی ڕەبیعی، وتەبێژ بەناوی حكومەتی ئێران ڕۆژی شەممە 20ی شوبات وتی، وڵاتەكەی دڵنیایە لەوەی بەمزوانە ئەمریكا سەرەڕای بەردەوامیی “ناكۆكییە دێپلۆماسییەكان” دەربارەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، سزاكانی سەر ئێران لادەبات.

ڕۆژێك پێشتریش كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ئەمریكا نایەوێت هیچ هەنگاو و ڕێوشوێنێكی دیكە بۆ فشارخستنەسەر ئێران بگرێتەبەر بەر لە وتوێژەكانی لەگەڵ وڵاتەكە و گەورە وڵاتانی دیكە دەربارەی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی.

تاران سوورە لەسەر ئەوەی پێویستە هەنگاوەكە لەلایەن واشنتن-ەوە بێت بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووەوە دانراون، لەكاتێكدا ئەمریكا دەڵێت، دەبێت ئێران یەكەمجار بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی تەواوتی بە ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەوە.

بابەتی پێشتر

ئارتێتا لەبارەی ئۆدیگاردەوە هەڵوێستی ئارسیناڵ ئاشکرادەکات

بابەتی دواتر

وێستهام 2-1 تۆتنهام

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share