خانەقین.. هێرشەكانی داعش بەردەوامن و ئەمشەویش شەڕ لە سنوورەكە ڕویدا

ئەمشەو چوارشەممە 17ی شوبات، چەكدارانی داعش جارێكی تر هێرشیان كردە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین.

تۆڕی میدیایی ئێستا زانیویەتی كە هێرشەكە لە نزیك هەردوو گوندی دەكە و شێرك كراوە و كوژراو و بریندار هەن، هەمان ئەو ناوچەیەی، كە ماوەی چەند مانگێكە داعشەكان تیایدا چالاكن و بە بەردەوامیی لە شەودا هێرشی چەكداری و هێرش لەڕێگەی بۆمب و تەقەمەنییەوە، هەندێك جاریش هێرشی خۆكوژی ئەنجامدەدەن.

عەمید- دلێر شكور، فەرماندەی لیوای 3ی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، “هێرشەكەی داعش لە سنووری گوندی دەكەی حاجی برایم بە ئاڕاستەی گوندی شێرك لە ڕۆژئاوای خانەقین بووە.”

ڕوونیشیكردەوە، “چەكدارانی داعش هێرشیانكردووەتە سەر خاڵێكی هێزەكانی فەوجی سێی لیوای 28ی حەشدی شەعبی كە لەو سنوورەدایە.”

لەبارەی قوربانییەكانی هێرشەكەوە، عەمید- دلێر شكور ئاشكرایكرد كە “تا ئێستا كوژراوێك و دوو بریندار لە هێزەكانی حەشدی شەعبی هەن” و بە دووری نەزانی قوربانیی تریش هەبن.

ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە شەودا هێرشدەكەنە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە سنووری ڕۆژئاوای خانەقین و بەتایبەت گوندی شێرك، كە ئەوەش زیانی بە بەشێك لە دانیشتووانی گوندەكانی ئەو سنوورە گەیاندووە، كە تەنها لە یەكێك لەو هێرشانەدا كە كۆتایی ساڵی ڕابردوو كرا و چەكدارانی داعش دەستڕێژی گولەیان لە ئۆتۆمبیلێك كرد لەسەر پردی حەلوان كە دەكەوێتە هەمان ناوچەوە، سێ هاوڵاتی کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوون.

لە درێژەی قسەكانیدا بۆ “ئێستا”، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هۆكاری هێرشەكانی گەڕاندەوە بۆ سروشتی جوگرافیی ناوچەكە كە چەم و گرد و دۆڵ و دارستان لەخۆدەگرێت.

عەمید- دلێر شكور ڕوونكردنەوەی زیاتری لەو بارەیەوە خستەڕوو و وتی، “لە ناوچەی شێخ باوە و دەوروبەری، بۆشایی ئەمنیی هەیە، ئەوەش ڕێگەی بۆ داعشەكان خۆشكردووە چەكداریان لەو سنوورەدا هەبن، سەرئەنجامی ئەوە، تەنها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا داعشەكان 16 هێرشیان كردووەتە سەر سوپا و حەشدی شەعبی لە دەوروبەری گوندی شێرك.”

دوو هەفتە لەمەوبەر و لە ناوچەی نەفتخانە لە سنووری خانەقین، شەڕێكی قورس لەنێوان حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعش ڕویدا و چەندین چەكداری حەشد كوژران و برینداربوون، جگە لەوەی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكەوە لە هەمان ناوچەدا، پێنج لە چەكدارانی حەشدی شەعبی كوژراون و شەشی دیكەشیان بریندار بوون.

ڕۆژی 3ی ئەم مانگە، دەستەی حەشدی شەعبی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی لەدژی داعشەكانی سنوورەكە ڕاگەیاند. لە ڕاگەیەندراوێكدا دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو، بە بەشداریی هێزەكانی لیوای یەك، چوار، 20، 23، 24، 110، 28 و فەوجی مغاویر و سەرجەم بەشەكانی فەرماندەیی حەشد لە دیالە، ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان لە دیالە دەستپێكردووە.

ئەگەرچی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە مەبەستی ئۆپراسیۆنەكە، پاككردنەوەی ناوچەكەیە لە چەكدارانی داعش و سەقامگیركردنی ئاسایشی سنوورەكەیە، بەڵام جموجۆڵ و هێرشەكانی داعش لە سنووری خانەقین و گوڵاڵە بەردەوامن و هەفتانە و بەتایبەت لە كاتەكانی شەودا، داعشەكان هێرشی چەكدارای دەكەن.

بابەتی پێشتر

دیوەكەی تری ئۆجەلان.. مام جەلال چی بۆ كرد؟

بابەتی دواتر

زێڕ بۆ كەمترین ئاستی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوو دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share