بافڵ تاڵەبانی: بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی بازرگانی دەبێت لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك سەرمایەدار و بارزگانی سلێمانی كۆبووەوە و ڕایگەیاند، “بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی بازرگانی دەبێت لە بەرژەوەندیی گشتی و ئاوەدانی بێت”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی سەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاندووە، “لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ بووژاندنەوەی بازاڕ، ئاوەدانی زیاتر، بوونیادنانی ژێرخانێکی ئابوریی پتەوتر و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ کاری بازرگانی و کار و کاسبی ھاوڵاتییان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ژمارەیەک سەرمایەدار، بازرگان و خاوەنکاری سلێمانی”.

لەو دیدارەدا، لەبارەی کەرتی بازرگانی، وەبەرھێنان، گەشەپێدانی جوڵە بازرگانییەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی پێشخستنی زیاتری ژێرخانی ئابوریی ھەرێم بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی، بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و ھەموو ئەو ڕێوشوێنانەش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا کە دەبنە هۆی زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بافڵ تاڵەبانی، ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە و جەختیکردەوە کە ھەر ھەنگاوێکی بازرگانی لە خزمەتی ئاوەدانی و پێشخستنی وەبەرھێنان و رەخساندنی ئارامی، ھەلی کار و بونیادنانی پرۆژەی بازرگانیی گشتی بێت پشتیوانی لێدەکات و ھەموو ئەو ئاستەنگانەشی بوونەتە بەربەست لەبەردەمیان ناھێڵرێن و ژینگەی بازاڕی ئازاد وەک داینەمۆی پێشخستنی کار و پرۆژە ئابوری و بازرگانییەکان فەراھەم دەکەن”.

ھاوسەرۆکی یەكێتی ڕوونیشیکردەوە، “بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی بازرگانی دەبێت لە بەرژەوەندیی گشتی و ئاوەدانی بێت”.

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “چیتر ڕێگەنادەین بە ھەر پاساوێکەوە بازاڕ و کاروکاسبی سەرمایەدار، خاوەنکار، بازرگانان، دوکانداران قۆرخ بکرێت و دەستبخرێتە قوتی خەڵک و ھەموو ھەنگاوێکیش بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کەسانی مشەخۆر دەگرینەبەر”.

بابەتی پێشتر

هەرێم.. لەماوەی 24 كاتژمێردا تەنها یەك كەس بە كۆرۆنا مردووە

بابەتی دواتر

لیژنەی دارایی پەرلەمان: ئەگەری هەیە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا کێشەی کورد لە بودجەدا یەکلایی بکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share