بیل گەیتس: چارەسەری گرفتی كۆرۆنا ئاسانە بەراورد بە كێشەی ئاووهەوا

بیل گەیتس، ملیاردێری ئەمریكی

ملیاردێری ئەمریكی و دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت دەڵێت، چارەسەری گرفتی كۆرۆنای نوێ زۆر ئاسانترە لە چارەسەری كێشەی ئاووهەوا كە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

بیل گەیتس، ملیاردێری ئەمریكی وتی، چارەسەری كێشەی گۆڕانی ئاووهەوا دەبێتە یەكێك لەو هەنگاوە دژوارانەی كەوتووەتە سەر ئەستۆی مرۆڤایەتی، ئاماژەی بەوەشكرد كە كۆتایی هێنان بە پەتای كۆرۆنا زۆر ئاسانە بەراورد بە كێشەی ئاووهەوا.

گەیتس لە كتێبە نوێیەكەیدا لەژێر ناونیشانی “چۆن خۆمان لە كارەساتی ئاووهەوا بپارێزرین” ڕێنوێنییەكان بۆ چۆنیەتی چارەسەری دیاردەی قەتیسبوونی گەرما دیاریدەكات.

دوپاتیشیدەكاتەوە لەسەر پێویستی لەبەرچاوگرتنی ئالنگارییەكە و هۆشداری ئەوەشدەدات كە جیهان ساڵانە 51 ملیار تۆن گازی گەرمكەر دەكاتە بۆشایی ئاسمانەوە و جەختیش لەوەدەكاتەوە كە پێویستە ئەو ژمارەیە بكرێت بە (سفر).

ملیاردێرەكە جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوەش بەدوورنازانێت پشتبەست بە تەكنەلۆجیا و بە هاوكاری حكومەتەكان و دەڵێت، دەشێت پشتبەستنمان بە سەرچاوە نوێیەكان وەك وزەی با و وزەی خۆر هاوكارمان بێت لە كەمكردنەوەی دەردراوەكانی كاربۆن بەهۆی كارەباوە، بەڵام ئەمەش كەمتر لە 30%ی كۆی دەردراوەكان لەخۆدەگرێت.

دەشڵێت، 70%ی دەردراوەكانی كاربۆن بەهۆی پیشەسازی قورس و چیمەنتۆ و سیستمی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی پەینی كیمیایی و ئەودوای بوارەكانی دیكەیە كە ئابوریی جیهانی بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی پێدەبەستێت.

ڕونیشیدەكاتەوە لەكاتی ئێستادا ڕێگایەكمان نییە بۆ لەناوبردنی تەواوەتی دەردراوەكانی كاربۆن، ئەمەش وادەكات چارەسەری كێشەی ئاووهەوا زۆر دژوار بێت. ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەستەمە خۆڕزگاركردن لە كارەسات، بەتایبەت سەبارەت بەوانەی لەنزیك هێڵی كەمەربەند دەژین، بەبێ ئەوەی سەرجەم حكومەتەكانی جیهان نەچنە پاڵ ئەم هەوڵەوە.

گەیتس داواشیكرد وەبەرهێنان لە گەڕان بەدوای وزەی پاكژ و ئەودوای داهێنانەكانی دیكەی تایبەت بە ئاووهەوا لە جیهاندا لەماوەی دەیەی داهاتوودا پێنج هێندە بكرێت. دەشڵێت، پێویست بە توێژینەوەی زۆرتر دەكات كە تێچووی ساڵانەی كەمتر نییە لە 110 ملیار دۆلار.

ملیاردێرەكەی ئەمریكا ئاماژەشی بە ڕۆڵی چین كرد لە بەردەستكردن و هەرزانكردنی وزەی سەوز و داواشی لە پەككین و واشنتن كرد هەماهەنگی بكەن بۆ بەهێزكردنی توێژینەوە و بەرەوپێشچوون بۆ كەمكردنەوەی تێچووی تەكنیكی سەوز كە سودەكەی بۆ كۆی جیهان دەبێت.

س: میدیاكان.

بابەتی پێشتر

چارلی چاپڵن لە پاكستان

بابەتی دواتر

قوباد تاڵە‌بانی و ھادی عامری كۆبوونە‌وە‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share