ئوسترالیا.. دەست بە كوشتن و سك هەڵدڕینی تیمساحەكانی ناوچەیەك كراوە

لە ناوچەیەكی ئوسترالیا دەستكراوە بە كوشتنی تیمساحەكان و هەڵدڕینی سكیان، بە دوای تەرمی ڕاوچییەكدا دەگەڕێن كە ماوەی چەند ڕۆژێكە دیار نەماوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاڕ تی-ی ڕوسی، لە ئێستادا بە بڕیارێكی دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا لە باكووری كوینزلاند، دەستكراوە بە كووشتنی تیمساحەكان و هەڵدڕینی سكیان.

سەبارەت بە هۆكاری ئەو كارەش، ئاماژە بەوەكراوە، لەنێو سكی تیمساحەكان بەدوای پارچەی جەستەی مرۆڤدا دەگەڕێن، ئەوەش پاش ئەوە دێت لەو ناوچەیە ڕاوچییەكی تەمەن 69 ساڵ بێسەروشوێن بووە.

وەزارەتی ژینگەی ئوسترالیا ئاشكرایكردووە، یەكێك لەو تیمساحانەی كوژراوە و لەنێو سكیدا بەدوای جەستەی ڕاوچییەكەدا گەڕاون درێژییەكەی سێ مەتر بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو تیمساحێكیان كوشتووە درێژییەكەی چوار مەتر بووە و چەند پارچەیەكی جەستەی مرۆڤی تێدابووە.

ئەو پیاوە ڕاوچییەی كە دیار نەماوە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بۆ ڕاوكردن چووەتە دەرەوە، بڕیار بووە پاش چەند كاتژمێرێك بگەڕێتەوە بەڵام ئیتر بێسەروشوێن بووە.

لە كاتژمێر 2:30ی بەیانیی هەینی، بەلەمی ڕاوچییەكە بە هەڵگەڕاوەیی دۆزراوەتەوە كە شوێنی پەلاماری تیمساحی پێوەبووە، پێش دیارنەمانی ڕاوچییەكەش سێ حاڵەتی پەلاماردانی مرۆڤ لەلایەن تیمساحەكانەوە هەبووە.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆمارنەكراوە

بابەتی دواتر

بۆچی یوڤانتۆس دوای خستنی گەورەکان بە ئاستێکی خراپەوە دەرکەوت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share