وەزیری تەندروستیی عێراق: ترسمان لە زیادبوونی توشبوون بە كۆرۆنا هەیە

دەوامی قوتابخانەكان یان داخستنی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵا تاوتوێدەكرێت

وەزیری تەندروستیی عێراق مەترسی لەبارەی زیادبوونی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نیشاندەدات و گەیشتنی جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسەكە بۆ ناو عێراق بەدوورنازانێت.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق ڕۆژی هەینی 12ی شوبات وتی، ترسیان هەیە لە زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە كۆرۆنا لە عێراق بەگشتی و نەجەف بەتایبەتی، بۆیە هەنگاو بۆ دەركردنی ڕێوشوێنی توندتر و جێبەجێكردنی یاسای تەندروستیی گشتی دەنێن بەرامبەر هەموو ئەوانەی پابەندی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی نابن.

وتیشی، “سەنتەرەكانی تۆماری پەتا ژمارەیەكی نیگەران ئامێزیان سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی توشبووان تۆماركردووە، بۆیە پێویستمان بە ڕێوشوێنی خۆپارێزییە لەلایەن لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی و هیوادارین لیژنەكە بڕیاربدات لەسەر قەدەغەكردنی كۆبوونەوە و دانیشتنی پرسە و داخستنی هۆڵی بۆنەكانی هاوسەرگیری”.

وەزیری تەندروستی لەمیانەی سەردانكردنی پارێزگاكانی نەجەف و موسەننا و دیوانییە باسی لەوەشكرد گفتوگۆیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەیە دەربارەی ئەوەی خوێندن بە ئەلیكترۆنی بێت، نەك ئامادەبوون. ڕوونیشیكردەوە، دەوامی قوتابخانەكان یان داخستنی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵا تاوتوێدەكرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوەكرد كە جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆتە زۆر وڵاتەوە و ئەگەری هەیە گەیشتبێتە عێراق-یش.

نیشاندانی مەترسییەكەی ئەو وەزیرە لەكاتێكدایە كۆی توشبووانی كۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 639 هەزار و 438، كە لەو ژمارەیە 604 هەزار و 822 كەسیان چاكبوونەتەوە و 13 هەزار و 157 توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

س: میدیا عێراقییەكان.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

سەرۆکی بەرەی تورکمانی: دۆخی کەرکوک لەوە زیاتر بەرگەناگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share