وەزیری کۆچی عێراق دروستکردنی 500 یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ ئاوارەکان ڕاگەیاند

ڤیان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 13ی شوبات، چۆڵکردنی تەواوەتی کەمپی ئاوارەکانی جەدعەی لە موسڵ ڕاگەیاند و ئاشکرایشیکرد 500 یەکەی نیشتەجێبوون دروستدەکەن.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خێزان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سەرقاڵی هاوکاریکردنی ئاوارەکانی ئەو کەمپەن تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.

وتیشی، “هەروەها هاوکاریی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە دەکەین کە بەهۆی کێشە و ناکۆکییە خێزانییەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەی دروستی دەکەین تەنها ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە ئێستا لە کەمپی جەدعەی موسڵن”.

ڤیان فایەق ئاشکرایکرد، “زۆرینەی ئەوانەی لە کەمپەکەدان خێزانی ئەندامانی ڕێکخراوی داعشن”.

وەزیری کۆچی عێراق ڕونیشیکردەوە، “ڕێککەوتنمان کردووە بۆ داخستنی تەواوەتی کەمپی جەدعە لە ناحیەی گەیارە کە لەدوای ڕوخانی داعش لەو ناوچەیە 1300 خێزانی ئاوارە تێیدا نیشتەجێبوون”.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا چۆڵکردن و داخستنی کەمپی جەدعەی ناحیەی گەیارەی لە باشوری پارێزگای موسڵ ڕاگەیاند خێزانەکانی ئەو کەمپە دوای چوار ساڵ مانەوەیان گەڕێنرانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا: بەرنامەی ئەتۆمی كۆریای باكوور كاری پێشینەمانە

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share