شاندێكی ڤاتیكان گەیشتە نەجەف

ئەمڕۆ شاندێكی پاپای ڤاتیكان گەیشتە نەجەف، مەبەستیانە ئامادەكاری بكەن بۆ هاتنی خودی پاپا بۆ عێراق و ئەو پارێزگایە.

لە ڕاگەیەندراوێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفدا هاتووە، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی شوبات شاندێكی پاپا فرانسیس ڤاتیكان گەیشتنە پارێزگاكە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو شاندە هاتوون تا ئامادەكاریی پێشوەختە بكەن بۆ گەیشتنی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، كە سەردانی نەجەفیش دەكات.

پێشتر ئەوە بڵاوكرایەوە، بڕیارە لە 5ی ئازار پاپای ڤاتیكان لە سەردانێكی چاوەڕوانكراودا بگاتە بەغداد.

بەگوێرەی كارنامەی سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، وەك ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی بڵاویكردووەتەوە بەمجۆرەیە..

ڕۆژی هەینی 5ی ئازار فڕۆكەكەی پاپای ڤاتیكان دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد و بە فەرمی پێشوازی لێدەكرێت.

دواتر لە هۆڵی فڕۆكەخانەكە چاوی بە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەوێت.

دواتر بڕیارە بچێتە كۆشكی كۆماری و لە مەراسیمێكدا پێشوازی لێ بكرێت.

بە فەرمی سەردانی سەرۆككۆمار دەكات.

چاوی بە دەسەڵاتداران و چالاكوانانی مەدەنی و دێپلۆماتكاران دەكەوێت.

پاشان سەردانی پەرستگای كاسۆلیكی دەكات لە بەغداد.

بڕیارە ڕۆژی شەممە بۆ پارێزگای نەجەف بەڕێ بكەوێت و چاوی بە عەلی سیستانی بكەوێت.

سەردانی شاری ئۆری شوێنەواری دەكات.

بەشداری لە ئاهەنگی شەممەی پیرۆز دەكات لە “مار یوسف” لە بەغداد.

ڕۆژی یەكشەممەش دەگاتە هەولێر.

دواتر سەردانی موسڵ دەكات.

سەردانی كڵێسای “پاكیزە” دەكات قەرەقوش.

پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و بەشداری لە ئاهەنگی یەكشەممەی پیرۆز دەكات لە یاریگای فرانسوا هەریری.

ڕۆژی دووشەممە لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدادەوە دەگەڕێتەوە عێراق جێدەهێڵێت.

بابەتی پێشتر

نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

وەزیری پەروەردە: حاڵەتی کۆرۆنامان هەیە لەناوەندەکانی خوێندندا بەڵام کەمن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share