بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بەشار ئەسەد دەرچوو

دادگەی دیمەشق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد و چەند دەسەڵاتدارێکی دیکەی ڕژێمەکەی دەرکرد.

لە بڕیارێکی مێژووییدا، دادگەی چوارەمی تاوانەکان لە دیمەشق سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووتری سوریا، ماهیر ئەسەدی برای و چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی ڕژێمەکەیدا سەپاند.

ئەمڕۆ فەخرەدین عەریان، دادوەری دادگای دیمەشق ڕایگەیاند، ”بە پشتبەستن بە بەڵگە و وتەی شایەتحاڵەکان، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەسەد کراون بە ڕوونی دەچنە چوارچێوەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی.هەروەها ئەسەد وەک بڕیاردەری یەکەم و باڵای وڵات، تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو تاوانانە بەکارهێناوە”.

بەپێی بڕیارەکە بەشار ئەسەد بە تاوانباری سەرەکی دادەنرێت لە دۆسیەکانی کوشتنی ئەنقەست بە تایبەت بەرامبەر منداڵان، شێوازی جۆراوجۆری ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی ناڕەوا.

عاتیف نەجیب، ئامۆزای ئەسەد و بەرپرسی پێشووی ئاسایشی سیاسی لە دەرعا ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بووەتەوە.

سزای لەسێدارەدان بە غیابی بۆ جەنەڕاڵ و بەرپرسە باڵاکانی پێشوو دەرچوو، لەوانە، ماهیر ئەسەد، فەرماندەی فیرقەی چواری سوپا و فەهد جاسم فەریج، وەزیری پێشووی بەرگری لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد ئەیمەن عەیوش، لوئەی عەلی، قوسەی ئیبراهیم مەهیووب، وەفیق ساڵح ناسر، و تەلال فارس عوسەیمی.

دادگاکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کەسانە دەستیان هەبووە لە کوشتنی بەئەنقەست و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییاندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە حوکمڕانیی زیاتر لە پێنج دەیەی بنەماڵەی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا ڕووخا، ئەوەش دوای ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع بۆ سەر پایتەخت، کە بووە هۆی هەڵاتنی بەشار ئەسەد بۆ ڕوسیا لە مانگی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share