بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، ئەگەر هەیە 120 ملیارەکە هەڵبوەشێتەوە و بەغداد بە ڕێگەیەکی دیکە داهاتی نانەوتی لە هەرێم وەربگرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی داواکارییەکانی وەفدی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەبارەی کەمکردنەوەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ 60 ملیار دینار.
هەفتەی ڕابردوو، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەفدی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراقدا، باس لە کەمکردنەوەی داهاتی نانەوتی و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کراوە؛ دارایی عێراق لەبارەی کەمکردنەوەی بڕی داهات بە وەفدی هەرێمی ڕاگەیاندووە، ئەمە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات.
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی ئەم بابەتە و سیستمی ئەسیکۆدا بکرێت؛ وەفدی هەرێم لەبارەی سیستمی ئەسیکۆداوە بە وەزارەتی دارایی عێراقی ڕاگەیاندووە، داهاتی نانەوتی بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆداوە بەتەواوی کەمیکردووە، بۆیە داوای کەمکردنەوەی بڕی 120 ملیار دینارەکەی کردووە.
لەو بارەیەوە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا کرد و چارەسەرێکیان خستەڕوو وەک “باشترین پێشنیار”، ئاماژەیان بەوەکرد، “باشترین چارەسەر ئەوەیە 120 ملیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە و نەمێنێت، چونکە بەهۆی هێوربوونەوەی بارودۆخی ناوچەکە، ئەگەری هەیە داهاتی هەرێمی کوردستان لە مەرزەکان زیاتر بکات، ئەگەر سیستمی ئەسیکۆدا بەتەواوی جێبەجێبکرێت، لە تەرازووی پێداچوونەوەدا دەردەکەوێت مانگانە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان چەند بووە و بەغداد ڕاستەوخۆ بەگوێرەی ئەم داتایە، بۆ هەر مانگێک بڕێک پارە وەک داهاتی نانەوتی وەردەگرێت، بە واتای ئەوەی بۆ هەر مانگێک، بڕێک پارە بەگوێرەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان، وەردەگیرێت، نەوەک 120 ملیار دیناری چەسپاو”.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارانە بێت، ئەگەر ئەم ڕێگەیە جێبەجێبکرێت، هەموو مانگێک بەبێ دواکەوتن حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکات و چیتر دواکەوتنی مووچە نامێنێت.