بنەماڵەی میر کەریم خانی برادۆست ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی میر فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی لە ئەندامێتی سەرکردایەتیی یەکێتی بڵاوکردەوە.
بنەماڵەی میر کەریم خانی برادۆست ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە، پاش دەستلەکارکێشانەوەی ڕێزدار میر فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی لە ئەندامێتی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ هەموو لایەکی ڕووندەکەینەوە کە بەڕێزیان تەنیا دەستی لە کاری حزبی و ئۆرگانی لە ڕیزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و میر کەریم خان بونیادنراوە، بە پتەوی دەمێنێتەوە و بەردەوامدەبێت.
ئەوەش هاتووە، ئێستا چەند سایت، پەیج و ئەکاونتێکی بێ دایک و باوک نووسینی ئاست نزم و نەشیاو بڵاودەکەنەوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەو جۆرە بۆچوون و نووسینانەی بڵاودەکرێنەوە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت، لە بۆچوونی میرانی برادۆست ناکات و لێی بەرپرس نین.
لە کۆتایشدا لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوە هاتووە، میرانی برادۆست بە هیچ شێوەیەک جیاوازییان نەکردووە لەنێوان خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەموو عەشیرەتەکانیش بەتایبەتی، بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا نایکەن.