نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاویدەکاتەوە، هەر میدیا، پەیجێکی ڕەسمی یان هەژمارێکی سێبەر، هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست سەبارەت بە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوبکاتەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر
نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاویکردەوە، لە دوای هەوڵ و هەنگاوە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن بۆ سەر ماڵ و سامانی گشتی، نووسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەردەبڕێت لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری.
ئەوەش هاتووە، بەڵام بەداخەوە، لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک کەناڵ، میدیا، پەیجی ڕەسمی و مۆڵەتپێدراو، جگە لە پەیجەکانی سێبەر، هەواڵ و بابەتێکی بێ بنەما و نادروستیان سەبارەت بە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوکردووەتەوەم لەبەر ئەوە، نوسینگەی خاتوو شاناز بۆ هەموو لایەکی ڕووندەکاتەوە کە ئەو هەواڵ و بابەتانە تەنها درۆ، بوختانن و هەوڵێکی بەردەوامن بۆ لێدان لە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.
ئاماژەش بەوەشکراوە، لێرەوە ئاگاداری هەموو ئەو کەناڵ، میدیا، پەیجە ڕەسمییەکان و هەژمارە سێبەرەکان دەکەینەوە، لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەما و تۆمەتانەدا، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پارێزەری تایبەتی خاتوو شانازەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و سکاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.