وەزارەتی دادی عێراق، ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی بەرپرسی نووسینگەی وەزیری داد دوورە لە ڕاستییەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، ڕایگەیاند، لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و پەیجى سۆشیاڵ میدیاى دیاریكراو و بەمەبەستی سیاسی و چەواشەكاری هەواڵی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دادیان بڵاوكردووەتەوە، دەمانەوێت ڕایبگەیەنین کە ئەم هەواڵانە سەرلەبەریان ساختەن و دوورن لە ڕاستییەوە.
دەشڵێت، دووپاتیدەکەینەوە کە ناوبراو بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە ڕەسمییەکانی خۆی و نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستادا هیچ كێشەیەكی یاسایی نەبووە ونیەتی، بەڵكو نمونەی فەرمانبەری دڵسۆز و دەستپاكە بە شەهادەتی ڕاپۆرتی دەزگا چاودێرییەکان.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم جۆرە چەواشەکارییانە ئامانجیان تەنیا ناوزڕاندنی وەزارەتی داد و بەرپرسەکانیەتی هەر بۆیە وەزارەتی داد سکاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەناڵ و پەیج و دەزگایانە تۆماردەکات کە ئەم هەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە و ڕووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە.